د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ میری کوەیت ئەنجامدا و جارێکیتر پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ کۆچی دوایی نەواف ئەحمەد سوباح میری کۆچکردووی کوەیت دەربڕی، ھاوکات پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی وەک میری نوێی کوەیت لە مەشعەل ئەحمەد سوباح کرد و ھیوای سەرکەوتنی لە سەرکردایەتییکردنی کوەیت و بەرەوپێشبردنی ئەو وڵاتە بۆ خواست.

د.لەتیف رەشید جەختیشی کردەوە کە عێراق سوورە لەسەر بەھێزکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوەیت لە ھەموو بوارەکان، ھەروەھا جەختی کردەوە لە گرنگی ھەماھەنگی و ھاریکاری لە نێوان عێراق و کوەیت لە ھەموو بوارەکان.

لای خۆشیەوە میری کوەیت سوپاسی سەرۆککۆماری عێراقی کرد و رایگەیاند، کوەیت دەخوازێت بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ عێراق، ھەروەھا سووربوونی وڵاتەکەشی بۆ پاڵپشتیکردن لە ھەوڵەکانی عێراق بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی دووپاتکردەوە.