د.لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی ئاڕاستەی لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکات و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت لە بەدیھێنانی خواستی ھاووڵاتییان و باشترکردنی دۆخی ژیانیان.

دەشڵێت، ئێستا لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان لەبەردەمە و پێویستە ھاوکاری حکومەتی فیدراڵ بن بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییان.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەشدا، سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بنەماکانی دیموکراسی بەرجەستە دەکات کە لە دەستووری عێراقدا ھەیە و مافی عێراقییەکان دەستەبەردەکات بۆ دەربڕینی ئیرادەی خۆیان و دیاریکردنی نوێنەرانیان.