لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا، سەرۆککۆمار لەلایەن نیکۆس خریستۆدۆلیدس سەرۆککۆماری قوبرس لە کۆشکی سەرۆکایەتی بە بەڕێوەچونی رێورەسمی تایبەت، پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵیدا، بارودۆخی گشتی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و گەشەپێدان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی تاوتوێ کرا. 

سەرۆککۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆماری قوبرس دەربڕی بۆ ئەو بانگھێشتنامەیەی کە پێشکەشی کردبوو، ھاوکات ستایشی پەرۆشی قوبرسی کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و جەختیکردەوە کە عێراق ویستی لایەنی قوبرسی بە گرنگ وەردەگرێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بەدیبھێنێت.

سەرۆککۆمار روونی کردەوە کە عێراق ئەمڕۆ سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابووری بەخۆوە بینیوە و زەمینەیەکی لەبارە بۆ ھەموو جۆرە وەبەرھێنانێک رەخساوە، ئاماژەشیکرد بە دەرفەتەکان بۆ فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاریی بنیاتنەری دووقۆڵی، ھەروەھا جەختیکردەوە لە ویستی عێراق بۆ بەشداری پێکردنی کۆمپانیا قوبرسییەکان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و بازرگانی و گەشتیاریدا.

ھەروەھا ھەردوو سەرۆک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشیان لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە قوبرس سازکرد و تێیدا سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا ئەم سەردانە دانانی بەردی بناغەی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە، جەختیشیکردەوە لەسەر خواستی عێراق کە بە شێوەیەکی ھەمەلایەنە پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری قوبرس پتەو و فراوان دەکات.
سەرۆککۆمار ھەوڵەکانی عێراقی بۆ کارکردن و ڕەخساندنی ھەلومەرجی گونجاو بۆ زیاتر ھاندانی کۆمپانیا حکومییەکان و کەرتی تایبەت لە ھەمو کەرتەکانی بیناسازی و وەبەرھێنان ڕوونکردەوە، ھاوکات ویستی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ پێکھێنانی ھاوبەشیەکی ستراتیژی لەگەڵ ھەموو وڵاتانی دۆست بە کۆماری قوبرسیشەوە، لەڕێگەی دامەزراندنی نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسی لە ھەردوو وڵاتدا بە شێوەیەک کە بەشداربێت لە چەسپاندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.

ھەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەرۆککۆمار سەردانی مۆزەخانەی شوێنەوارناسی لە شاری لیماسۆلی قوبرسی کرد و جەختیکردەوە لە گرنگی رۆڵی کلتووری و مێژوویی قوبرس و ئەو شارستانییەتە کە دەوڵەمەندە بە ھونەر و ئەدەب لە کەلەپوری مرۆیی جیھانیدا، ھاوکات ویستی خۆی نیشاندا بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان قوبرس و عێراق بۆ چەسپاندنی پەیوەندیی دۆستانە و فراوانکردنە گفتوگۆکان کە ھەردوو وڵات و گەلی دۆست پێکەوە کۆدەکەنەوە.
ھەروەھا سەرۆککۆمار لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە قوبرس پێشوازی لە ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی کرد لە قوبرس.

لە دیدارەکەدا ،سەرۆککۆمار باسی لەو پێشکەوتنەکان کرد لە ژیانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری عێراق بەدیھاتوون جگە لە دیداری لەگەڵ سەرۆک کریستۆدۆلیدس و ئەو ڕێککەوتنانەی کە ئاسۆی ھاریکاریی نێوان ھەر دوو وڵات فراوانتر دەکەن لە بوارەکانی وەبەرھێنان و ئابووری و ڕۆشنبیری و پەروەردە، ھەروەھا بەھێزکردنی میکانیزمی گواستنەوەی ئاسمانی لە ڕێگەی بۆ بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری و قووڵکردنەوەی پەیوەندیی نێوان گەلانی عێراق و قوبرس.

سەرۆککۆمار سەردانی بارەگای پەرلەمانی قوبرسی کرد و لەوێ لەلایەن ئانیتا دیمیتریۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی لێکرا و پێشھاتەکانی دۆخی سیاسی و مەسەلە نێودەوڵەتییەکانی جێی بایەخی ھەردولایان تاوتوێکرد و ئاماژەیکرد بە پێویستی بەھێزکردنی ھاریکاریی دوو قۆڵی لەسەر ئاستی پەرلەمان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی یاسایی لە نێوان پەرلەمانی عێراق وقوبرسدا و ھەروەھا پێکھێنانی لیژنەیەکی دۆستایەتی عێراق و قوبرس بەگرنگ ناوبرد، لەگەڵ چالاککردنی پەیوەندی نێوان ھەردوولا بە شێوەیەک کەپەرە بە کاری پەرلەمانی و یاسادانان بدات.

لە پەراوێزی سەردانەکەدا، سەرۆککۆمار سەردانی زانکۆی قوبرسی کرد و گەشتێکی بەناو بەشەکانی زانکۆکەدا کرد و بەش و کۆلێژەکانی بەسەرکردەوە و گوێی لە روونکردنەوەیەکی وردی دامەزراندنی زانکۆ و پسپۆڕی و کۆلێژەکانی گرت، ئەوچالاکیی و خزمەتگوزارییە گرنگانەی کە پێشکەشی خوێندکاران و کۆمەڵگەی دەکات، جگە لەبەرنامە و ئاسانکاری و پلان و کارە لە پێشینەکان و گرنگترین دەستکەوتە زانستی و ئەکادیمییەکانی کە لە بوارە جیاوازەکاندا بەدەستی ھێناوە.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەکرد کە حکومەت گرنگی بە کەرتی پەروەردە لە عێراق دەدات و پەرۆشی بۆ دروستکردنی پردی ھاریکاری لە نێوان زانکۆکانی عێراق و زانکۆکانی قوبرس و دامەزراوە فێرکارییەکان نیشاندەدات لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و سازکردنی پڕۆژەی توێژینەوەی ھاوبەش، ھەروەھا ھاریکاری لە بواری توێژینەوەدا و پڕۆژەی زانستی و ڕەخساندنی دەرفەتی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی بۆ مامۆستایان و خوێندکاران .

سەرۆککۆمار ھەروەھا سەردانی پەیمانگای قوبرس (CYL)ی کرد کە گەشتێکی بەناو تاقیگەکانی پەیمانگاکەدا کرد و ڕوونیکردەوە کە عێراق لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا دواکەوتووە لە پەرەپێدانی پەیمانگە و ناوەندە زانستی و توێژینەوەکانیدا بەھۆی جەنگە یەک لە دوای یەکەکانەوە کە لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکردوە و پاشان ڕووبەڕووبووی سەختی دژ بە تیرۆر و توندوتیژی بۆتەوە، ئاماژەیدا بە کۆتایھاتنی ئەم قۆناغە و جێگیربوونی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابووری کە عێراق ھەوڵدەدات پەرە بە زانست و توێژینەوەکان بدات.

سەرۆککۆمار پێزانینی خۆی بۆ پەیمانگەی قوبرس و دابینکردنی سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکارانی عێراقی نیشاندا بەو پێیەی عێراق ١٠ سکۆلەرشیپی ماستەر و دکتۆرای لە پەیمانگای قوبرس پێبەخشرا وەک پێزانینێک بۆ سەردانەکەی سەرۆککۆمار.

سەرۆککۆمار کۆتایی سەردانەکەی بۆ کۆماری قوبرس ھێنا بە دیدار لەگەڵ ڤالێنتینۆس چارالمبۆس شارەزای پۆرسەلین نێودەوڵەتی و ھونەرمەندی قوبرسی کە زیاتر لە سێ دەیە لە عێراق ژیاوە و کاری کردووە و بانگھێشتی کرد بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەردانی عێراق بکاتەوە و کارەکانی نمایش بکات و چاوپێکەوتن لەگەڵ ھاوکار و خوێندکارەکانی لە بەغداد بکات.

ھەروەھا سەرۆککۆمار، سەردانی قەڵای مێژوویی لیماسۆلی کرد کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دروستکراوە و ھەوڵەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری قوبرسی لە پاراستنی مێژوویی و ڕەسەنایەتی شوێنەوارەکانی بەرز نرخاند، ئاماژەیکرد بە گرنگی چالاککردنی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و لێھاتوویی نێوانیان عێراق و قوبرس لە بواری پاراستنی کەلەپوری فیکری و کەلتووری ئەو دوو وڵاتە.

لە ھەموو دیدارەکانیدا، سەرۆککۆمار سەرکۆنەی توندی بەردەوامی دەستدرێژی و جینۆساید دژ بە گەلی فەلەستین لە غەززە کرد و  جەختیکردەوە لە مافی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد کار بکات بۆ وەستاندنی دەستدرێژی و رێگەخۆشکردن بۆ گەیاندنی پێداویستی بۆ خەڵکی غەززە.