سەرۆککۆمار لەسەردانەکەیدا بۆ زانکۆی قوبرس، کە رۆژی سێشەممە ١٢-١٢-٢٠٢٣ ئەنجامیدا، لەلایەن  پرۆفیسۆر تاسۆس کریستۆفیدێس سەرۆکی زانکۆکە و ژمارەیەک لە پرۆفیسۆر و راگری کۆلێژ و سەرۆکی بەشەکانەوە پێشوازی لێکرا.

سەرۆککۆمار گەشتێکی بەناو بەشەکانی زانکۆکەدا کرد و سەردانی بەش و کۆلێژەکانی کرد، ھەروەھا رونکردنەوەیەکی وردی سەبارەت بە دامەزراندنی زانکۆ و پسپۆڕی و گەشەکردنی کۆلێژەکان پێشکەشکرا، ھەروەک گرنگترین چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی زانکۆکەی بۆ رونکرایەوە، کە پێشکەشی خوێندکاران و کۆمەڵگای دەکات، سەرەڕای خستنەڕوی بەرنامە و ئاسانکاری و پلان و ئەولەویەت و گرنگترین دەستکەوتە زانستی و ئەکادیمییەکان، کە لە بوارە جیاوازەکاندا زانکۆکە بەدەستیھێناوە.

لە ھۆڵی ئەنجومەنی پیرانیش، سەرۆککۆمار لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی قوبرس و سەرۆکی ئەنجومەنەکەی و بریکارانی زانکۆ کۆبونەوەیەکی ئەنجامدا، کە تێیدا رێگاکانی دروستکردن و گەشەپێدانی ھاوکاری ئەکادیمی و کولتوری نێوان زانکۆ و دامودەزگاکانی خوێندنی عیراق تاووتوێ کران.
 
ھاوکات سەرۆککۆمار باسی لە سەردانەکەی ئێستای بۆ قوبرس و ئەو دەرئەنجامە ئەرێنییانە کرد، کە دێنەئاراوە و لە چەند ئاستێکدا لە بەرژەوەندی  ھەردوو وڵاتی دۆستدایە.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بە گرنگیپێدانی حکومەت کرد بە کەرتی پەروەردە لە عیراق و ئامادەیی ئەو کەرتە بۆ دروستکردنی پردی ھاریکاری لەنێوان زانکۆکانی عیراق و زانکۆکانی قوبرس و دەزگاکانی خوێندن لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و ئەنجامدانی پرۆژەی توێژینەوەی ھاوبەش، ھەروەھا ھاوکاری لە پڕۆژە زانستییەکان و دابینکردنی ھەلی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی بۆ مامۆستایان و خوێندکاران.

سەرۆککۆمار باسی لەوەشکرد، کە عیراق خاوەنی چەندین زانکۆی دێرینە و پەیوەندییان لەگەڵ زۆرێک لە زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوەی نێودەوڵەتی ھەیە. ھەروەھا جەختی لەسەر بوونی زەمینەیەکی گونجاو بۆ ھاریکاری زانستی و تەکنەلۆژی نێوان ھەردوو وڵات کردەوە، کە پێویستە بەھێز بکرێت بۆئەوەی بتوانرێت لەئاستی داخوازی ھەردوو وڵات و گەلانی دۆست بێت بۆ گەشەکردنی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن.

لای خۆیەوە پرۆفیسۆر تاسۆس کریستۆفیدێس خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی سەرۆککۆمار دەربڕی و جەختی لەسەر شانازی زانکۆی قوبرس کردەوە بە سەردانی بەڕێزیان، سەرۆکی زانکۆکە لەوتەکەیدا وەک کەسایەتییەکی زانکۆیی پسپۆڕ لە کاروباری زانستیدا وەسفی جەنابیانی کرد و جەختی لەسەر خواستی راستەقینەی زانکۆی قوبرس کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و ھاریکاری لەگەڵ دامەزراوە زانستییەکان و زانکۆکانی عیراق بەشێوەیەک، کە ئاستی خوێندن و گەشەپێدان لە ھەردوو وڵاتدا بەرزبکاتەوە.