لە دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە  ١١-١٢-٢٠٢٣ لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە قوبرس بەڕێوەچوو، سەرۆککۆمار باسی لە پێشکەوتنی سیاسی و ئەمنی و ئابوریی عیراق کرد و ئاماژەیکرد بە سەردانەکەی بۆ قوبرس و دیداری لەگەڵ سەرۆک خریستۆدۆلیدس و ئەو رێککەوتنانەی کراون، کە ئاسۆی  ھاریکاری نێوان ھەردوو وڵات لە بوارەکانی وەبەرھێنان و ئابوری و رۆشنبیری و پەروەردە فراوانتر دەکات، سەرەڕای پتەوکردنی میکانیزمەکانی پەیوەندی لەڕێی پێکەوەبەستنەوەی ئاسمانی بۆ چالاککردنی کەرتی گەشتیاری و قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان گەلانی عیراق و قوبرس.

لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆککۆمار گوێی لە دید و بۆچوون و پرسیاری باڵیۆزەکان گرت، ھەروەھا بارودۆخی گشتیی سیاسی و ئەمنی و ئابوری لەسەر گۆڕەپانی عەرەبی و نێودەوڵەتی تاووتوێ کرا، بەتایبەت دەستدرێژی و پێشێلکارییەکان بۆسەر کەرتی غەزە و دژبە ھاووڵاتیان، لەوبارەیەوە سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی یەکخستنی ھەڵوێستی عەرەبی و کارکردن بۆ وەستاندنی شەڕانگێزی دژبە گەلی فەلەستین و دەستەبەرکردنی مافی چارەی خۆنوسین بەپێی رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان.

سەرۆککۆمار باسی لە دیدگای عێراقیش کرد بۆ فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاریی بونیادنەری نێوان وڵاتانی عەرەبی لە بوارە جیاجیاکاندا، ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە دیارترین ئاڵنگارییەکان، کە لەئێستادا ناوچەکە و گەلان روبەڕوی دەبێتەوە، گۆڕانی کەشوھەوا و ژینگەیە، کە پەیوەندی نزیکیان بە ھەموو شێوازەکانی ژیانەوە ھەیە و کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ھۆکارەکانی گەشەکردن و پێشکەوتن ھەیە.

سەرۆککۆمار دوپاتیکردەوە، عێراق پەیوەندی باشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان ھەیە، کە دامەزراندنی پەیوەندی ھاوسەنگ لەگەڵ ھەمووان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری عیراق و سەربەخۆیی بڕیاردانی عیراقی و قازانجی ھاوبەش و ھاریکاری بەردەوامی نێوان عیراق و دەوروبەرە عەرەبی و ھەرێمییەکەی، بونیادناوە.