لەسەرەتادا سەرۆککۆماری عێراق سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆماری قوبرس دەربڕی بۆ ئەو بانگھێشتنامەیەی پێشکەشی کردبوو بۆ سەردانی کۆماری قوبرس، ئاماژەی بەوەشدا کە دانانی بەردی بناغەی سەردەمێکی نوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە و دووپاتکردنەوەی خواستی عیراقی بۆ قوڵکردنەوەی پەیوەندی ھەمەلایەنە و فراوانکردنی لەگەڵ کۆماری قوبرس دەربڕی.

سەرۆککۆمار ھەوڵی عێراقی بۆ کارکردن بۆ دروستکردنی ھەلومەرجی گونجاو و کەشی لەبار بۆ زیاتر ھاندانی کۆمپانیا گشتییەکان و کەرتی تایبەت لە ھەموو کەرتەکانی بیناسازی و وەبەرھێناندا رونکردەوە، ئاماژەی بە بەردەستبوونی دەرفەت و توانای وەبەرھێنانی گەورە لە عیراقدا کرد، وەک چۆن جەختی لەسەر خواستی عیراق کردەوە بۆ دامەزراندنی پەیوەندی ھاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ ھەموو وڵاتانی دۆست، لەوانەش کۆماری قوبرس لە رێی دامەزراندنی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی نیشتەجێ لە ھەردوو وڵات، کە بەشداردەبێت لە چەسپاندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.

هاوکات سەرۆککۆمار جەختی لە پەرۆشی عێراق کردەوە بۆ دامەزراندنی باشترین پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی جیھان، ئەمە جگە لە ئیمزاکردنی رێککەوتنی ھاوکاری و ھاوبەشی لە کۆمەڵێک بواری ئابوری و بازرگانی و رۆشنبیری، کە ھاوبەشییەکان فراوانتر دەکات لە ژێر رۆشنایی ئەو توانا گەورەیەی لەبەردەستی ھەردووکیاندایە و نزیککردنەوەی ھەڵوێست و دیدگای سیاسی سەبارەت بە پرسەکانی بەرژەوەندی ھاوبەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

د. لەتیف رەشید ھەڵوێستی عێراقی بۆ ئیدانەی توندی بەردەوامیی دەستدرێژی و جینۆساید دژی گەلی فەلەستین لە غەززە دوپاتکردەوە و جەختی لە مافی گەلی فەلەستین کردەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لەسەر خاکەکەیان، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش کرد کار بۆ راگرتنی شەڕی داسەپاو بکەن و ھەوڵی گەیاندنی پێداویستییەکان بە خەڵک لە غەززە، سەربخەن.

ئەمەی خوارەوە دەقی قسەکانی د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراقە لە پرێس کۆنفرانسەکەدا...

جەنابی سەرۆککۆماری قوبرس بەڕێز نیکۆس خریستۆدۆلیدۆس

ئامادەبووانی بەڕێز…

خۆشحاڵین بەدەم ئەو بانگھێشتەوە ھاتین، کە لەلایەن جەنابی سەرۆککۆمارەوە پێشکەشکراوە بۆ سەردانی وڵاتی دۆستمان کۆماری قوبرس.

دەرفەتێکی باشە بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان قوبرس و عێراق و پەرەپێدانی بەرەو ئاسۆکانی دۆستایەتی و ھاوکاری و کاری ھاوبەش لە زۆر بواردا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی ھاوبەشی ھەردوو وڵات و گەلی دۆست بکات.

ئێمە بە تەواوی ئامادەین کار بۆ ئەمە بکەین، ئەم ئامانجە لە کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆک کۆمار تێبینیمان کرد و ھەستمانپێکرد.

لە گفتوگۆکەماندا لەگەڵ جەنابی سەرۆککۆمار، ھەوڵی عێراقمان دوپاتکردەوە بۆ کارکردن لەپێناو رەخساندنی ھەلومەرجی گونجاو بۆ ھاندانی کۆمپانیا گشتییەکان و کەرتی تایبەت بۆ زیاتر بەشداریکردن لە سەرجەم کەرتەکانی بیناسازی و وەبەرھێنان لە عیراقدا، بەوپێیەی دەرفەتی وەبەرھێنان و توانای گەورە لە عیراقدا ھەیە دوای ئەوەی سەرکەوتوو بووین لە شکستپێھێنانی تیرۆر و پێشکەوتن لە بەدەستھێنانی ئاسایش و سەقامگیری.

لەم ڕووەوە خواست و پاڵپشتی حکومەتی عێراق دووپاتدەکەینەوە بۆ دروستکردنی رێگەی زیاتری ھاوکاری ھاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دۆستی جۆراوجۆر، بەوپێیەی عیراق ئاواتەخوازە ھاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ ھەموو وڵاتانی دۆست بە کۆماری قوبرسیشەوە دابمەزرێنێت بەشێوەیەک، کە بەرژەوەندی ھاوبەش بەدەستبھێنێت.

ھەروەک ئاماژەمان بە گرنگی دامەزراندنی نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسی نیشتەجێ لە ھەردوو وڵاتدا کرد، کە بەشداردەبێت لە چەسپاندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتی دۆست و رێگەی ھاوکاری و کاری ھاوبەش دابین دەکات.

گرنگە پەرۆشیمان لە عێراق پشتڕاست بکەینەوە بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنی ھاوکاری و ھاوبەشی لە کۆمەڵێک بواری ئابووری و بازرگانی و رۆشنبیری، کە ھاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دیکە فراوانتر بکات و لە ژێر رۆشنایی ئەو توانا گەورەیەی لەبەردەستی ھەردوو وڵاتدایە، ھەروەھا ھەڵوێستی سیاسی و دیدگاکان نزیکتر بکەینەوە سەبارەت بە پرسەکانی بەرژەوەندی ھاوبەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئێمە پشتگیری لە ھەر ھەوڵێک دەکەین کە ھاوکارییەکان فراوانتر بکات و دۆستایەتی نێوان گەلان و وڵاتان پەرەپێبدات.

سەقامگیری ئەمنی و سیاسی بە تایبەتی لە دروستکردنی ژینگەی بنیاتنانەوە و پێشکەوتندا گرنگە. لەم ڕووەوە ئێمە لە عیراق باوەڕمان بە گرنگی چارەسەرکردنی دەردەسەریەکانی گەلی فەلەستین ھەیە بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان و گەیشتن بە ئاشتی لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانە کە پابەندبێت بە بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان و رێساکانی مافی مرۆڤەوە.

لە کۆتاییدا سوپاس و پێزانینمان بۆ ئەو بانگھێشتە بەخشندەیە نوێ دەکەینەوە، ھەروەھا پێزانین و رێزی خۆمان ئاراستەی ئێوە جەنابی سەرۆککۆمار و ئەندامانی حکومەتەکەتان و بۆ گەلی دۆستی قوبرس دەکەین بۆ پێشوازی گەرم و شایستەتان، ئێمە تامەزرۆیی خۆمان نوێ دەکەینەوە بۆ بانگھێشتکردنتان بۆ سەردانی عێراق.

ھەروەھا لە پرێس کۆنفرانسەکەدا، نیکۆس خریستۆدۆلیدس سەرۆککۆماری قوبرس وتەیەکی پێشکەشکردو خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی سەرۆککۆمار دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا، کە یەکەم سەردانی رەسمیی سەرۆککۆماری عێراقە بۆ قوبرس.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەم سەردانە لاپەڕەیەکی نوێ و گرنگ لە تۆماری پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و قوبرسدا دەکاتەوە، ھەروەھا ئەم سەردانە گرنگییەکی بنەڕەتی و سونبولی ئیرادەی ھاوبەشی ھەیە بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان قوبرس و عێراق و پەرەپێدانی ھاوکارییەکان لەسەرئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی.

سەرۆک خریستۆدۆلیدۆس ئاماژەی بەوەشکرد قوبرس و عێراق دوو وڵاتن، کە گرنگییەکی زۆر بە پاراستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان دەدەن، ئاماژەی بەوەشکرد جەنابی سەرۆککۆماری عێراقی لە وردەکارییەکانی پرسی قوبرس ئاگادارکردووەتەوە، ھەروەھا ئیرادە و خواستی خۆیان پیشانداوە بۆ  دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بە زووترین کات، کە دەبێتەھۆی یەکگرتنەوە لە رێگەی چارەسەرێکی ھاوسەنگ لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی ئەوروپا و بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

سەرۆککۆماری قوبرس رونیکردەوە، کە لە میانی دیدارەکەدا لەگەڵ د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، میکانیزمەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری لە بوارە ئابوورییەکان و پاڵپشتیکردن و پەرەپێدانی وەبەرھێنانەکان تاووتوێ کراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دەرەوەی قوبرس لە سەرەتای ساڵی نوێ سەردانی بەغداد دەکات و رێککەوتنێک بۆ رێگریکردن لە باجدانی دوولایەنە ئیمزا دەکرێت، ھەروەھا پاڵنەرێک دەبێت بۆ گەشەکردنی پەیوەندییە ئابووریەکان و وەبەرھێنانەکانی زیاتر لە بوارەکانی رۆشنبیری و کولتوری، بە تایبەت سەبارەت بە گەڕانەوەی گەنجینەی شارستانی و کولتوری دزراو.