سەرۆککۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ نیکۆس خریستۆدۆلیدس دەربڕی بۆ ئەو بانگھێشتنامەیەی پێشکەشی کردبوو، ھاوکات ستایشی پەرۆشی قوبرسی کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، جەختی لە ھەڵوێستی  ئەرێنی عیراقیش کردەوە بەرامبەر ویستی لایەنی قوبرسیی بۆ باشترکردنی ئاستی پەیوەندییەکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بەدەستبھێنێت.

سەرۆککۆمار روونیکردەوە، کە عیراق ئەمڕۆ سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابووری بەخۆوە بینیوە و زەمینەیەکی لەبارە بۆ ھەموو جۆرە وەبەرھێنانێک، ئاماژەیکرد بە دەرفەتە گەورەکان بۆ فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاریی بنیاتنەری نێوان ھەردوولا، ھەروەھا جەختیکردەوە عیراق پێشوازی لە کۆمپانیا قوبرسییەکان دەکات بۆئەوەی بەشداری بکەن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشەپێدان لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و بازرگانی و گەشتیاریدا.

سەرۆککۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی کاراکردنی رێککەوتننامەی راوێژی سیاسی، کە لە ساڵی ٢٠١٥ لە نێوان ھەردوو وڵاتدا ئیمزاکراوە، بە تایبەت کە کۆمەڵێک بابەتی ھاوبەشی وەک بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پەنابەران، کۆچبەری و ھەڵوێستی ھەر دوو وڵات لەبارەی مەسەلە سیاسییەکان لە ناوچەکەدا لەخۆدەگرێت.

سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی دامەزراندنی لیژنەیەکی دۆستایەتی پەرلەمانی لە نێوان عیراق و قوبرس، ھەروەھا پێویستی تەواوکردنی کارەکان لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی ھاوکاری ئەمنی و ڕێککەوتنەکان بۆ رێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج و ھەروەھا ڕێککەوتن بۆ ڕێگریکردن لە کاری یاساغ و کاری ھاوردە و ھەناردەکردنی نایاسایی یان گواستنەوەی خاوەندارێتی موڵک و ماڵی کەلتوری و داواکردنی گەڕانەوەیان. ھاوکات باس لە دروستکردنی پەیوەندی ئاسمانی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا کرا ، کە دەبێتەھۆی پەرەپێدانی جوڵەی گەشتیاری و دەستەبەرکردنی پەیوەندی نێوان ھەردوو گەلی دۆست.

ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی غەزە تاووتوێ کرا، کە تیایدا جەخت کرایەوە لەسەر ئیدانەکردنی بەردەوامی دەستدرێژی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر ھاوڵاتیانی مەدەنی و ئەو ھەڕەشانەی کە بۆ سەر ژیانی منداڵان و ژنان و بەساڵاچووان دروستبوە، ھەروەھا ئەو زیان و کاولکارییەی کە کاریگەری لەسەر ژێرخانی غەزە دروستکردووە لە ھەموو بوارەکاندا.

لە کۆبوونەوەکەدا ستایشی ھەوڵەکان کرا بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەستێکی تەواو لە کەرتی غەزە، ھەروەھا ھەردوو سەرۆک جەختیانکردەوە لە پێویستی ھەوڵی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی لەو روەوە ھەڵبگرێت و ئاماژەیانکرد بە گرنگی کاری چڕوپڕ بۆ ئاسانکاریکردن بۆ گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ دانیشتوانی کەرتی غەزە.

لە بەرامبەردا سەرۆککۆماری قوبرس رۆڵی عیراقی لە دامەزراندنی سەقامگیری لە ناوچەکە و پاڵپشتیکردنی چارەسەری ئاشتیانە بۆ قەیرانەکان و مەسەلە چارەنووسسازەکانی جیھان بەرزنرخاند.
سەرۆککۆماری قوبرس خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی د. لەتیف رەشید و پەرۆشی عیراق بۆ چالاککردنی میکانیزمەکانی پەیوەندی و ھاریکاری لەگەڵ قوبرس دەربڕی بە شێوەیەک کە خزمەت بە خۆشگوزەرانی ھەر دوو گەلی دۆست بکات، جەختیشیکردەوە لەسەر پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا .

ھەروەھا لە دیدارەکەدا ھەردوو سەرۆک، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی وەفدی عێراق و قوبرسیان کرد، کە تیایدا کۆمەڵێک پلانی کارکردنی ستراتیجی تاووتوێ کرا بەو ئومێدەی ئەو ڕێککەوتن و پەیماننامانەی کە لە داھاتوودا لە نێوان ھەردوو وڵات واژۆ دەکرێن جێبەجێ بکرێن.

وەفدی عێراق پێکھاتبوون لە محەمەد حسێن بەحر ئەلعلوم بریکاری وەزیری دەرەوە و ھەیفا حسێن ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و محەمەد ساڵح باڵیۆزی عیراق لە قوبرس و دکتۆر عەلی شوکری سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاران و پسپۆڕان لە سەرۆکایەتی کۆمار و سەڵاح لەزم شەمخی بەڕێوەبەری گشتیی بەشی یاسایی لە سەرۆکایەتی کۆمار و عەبدولئەمیر حەمود قاسم یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی راگەیاندن لە سەرۆکایەتی کۆمار، لە کاتێکدا وەفدی قوبرس پێکھاتبوو لە جۆرج پاپاناستاسیۆ وەزیری وزە و بازرگانی و پیشەسازی و دکتۆر ڤاسیلیکی کاسیانیدۆ بریکاری وەزیری ڕۆشنبیری و میچالیس ئیوانو باڵیۆزی بیانیەکان نیشتەجێی کۆماری قوبرس لە عیراق و ئەندریا پێترانی لێپرسراوی بەشی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو و ئەفریقا لە بەڕێوەبەرایەتی سیاسی وەزارەتی دەرەوە، دۆرۆس ڤینیسێس جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی دیپلۆماسی سەرۆککۆمار.