د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار لە پەیامێکدا بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان جەختدەکاتەوە بەشداری کارای ھاوڵاتیان لە ھەڵبژاردن جگەلەوەی دەبێتەھۆی چەسپاندنی دەستور و بنەماکانی دیموکراسیی، ھاوکات گرنگترین ھۆکاریشە بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و دەربڕینی ویستی ئازادانەی ھاوڵاتیان.

سەرۆککۆمار داوا لە سەرجەم ھاوڵاتیان دەکات بەشدارییەکی چالاکانە و گرنگ بکەن لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا، چونکە بەشداری کارای ھاوڵاتیان لە ھەڵبژاردن و چاودێری بەردەوامییان بۆ دەسەڵاتە جیاجیاکان، ھاوکار دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتێکی باشتر و زیاتر ئاوەدانکردنەوەی وڵات.

سەرۆککۆمار لە پەیامەکەیدا داواشی لە ھەموو ئەوانەکردووە کە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنن بەردەوام بن لەھەوڵەکانیان بۆ بەدیھێنانی پرۆسەیەکی سەرکەوتووی ھەڵبژاردن کە ویستی دەنگدەران بەدیبێنێت و دادپەروەری و یەکسانی و پابەندبوون بە بنەماکانی دەستوور و یاساکانەوە مسۆگەر بکات.