د.لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیکرد لە میساک بالاسانیان، بالیۆزی کۆماری ئەرمینیا لە عێراق و لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە  لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەرمینیا بە تایبەتی لەبوارەکانی ئابووری، بازرگانی، تەکنەلۆژیا، پەروەردە و گەشتیاری و ھەروەھا بواری پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو وڵات و گەلی دۆست بەدی بێنێت.

ھەروەھا بەڕێزیان باسی لە سەردانەکەی بۆ ئەرمینیا کردو ئەو دەرەنجامە گرنگانەی کە لێھاتە ئاراوە، بەتایبەتی لە چەسپاندنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی ھەردوو وڵات، جەختیشی لە گرنگی تەواوکردنی گفتوگۆکان لەبارەی ئەو پرسانە کردەوە کە لەکاتی سەردانەکەدا خرانەروو بە شێوەیەک  سوودی ھاوبەش بۆ  ھەردو گەلی عێراق و ئەرمینیا  دەستەبەر بکات.

 لە بەرامبەردا باڵیۆزی ئەرمینیا جەختی لە پەرۆشی حکومەتەکەی کردەوە بۆ پەرەپێدان و بنیاتنانی پەیوەندییە پتەوەکان لەگەڵ عێراق لەسەر بناغەی بەرژەوەندی ھاوبەشی ھەردوو وڵاتی دۆست، ھەروەک ستایشی سەردانەکەی بەڕێزیانی بۆ ئەرمینیا کرد کە بوەھۆی ھاندانی بازرگانان لە یەریڤان و خواستیان بۆ ھاوکاری و کارکردن لە بوارە جیاجیاکان لە عێراق.