د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق بەشداری لە کۆنفرانسی کەشوھەوادا کرد و لەلایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەھیان سەرۆکی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتو و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێشوازی لێکرا.

لەو کۆنفرانسەدا، کە بە بەشداریی سەرۆککۆمار و سەرکردەی زیاتر لە ١٨٠ وڵات بەڕێوەچوو، سەرۆککۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا داوای پێکھێنانی کۆمەڵەیەکی ناوچەیی کرد، کە ھەشت وڵاتی کەناراوەکانی کەنداو لەخۆبگرێت بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا، جەختیشیکردەوە، کە پێویستە دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی دوبەی بۆ کەشوھەوا، گشتگیر و ھاوسەنگ و دادپەروەرانە بێت.

لە وتەکەیدا، سەرۆککۆمار رایگەیاند، لە عیراقدا دەردانی گازی ژەھراوی سنوردارە، بەڵام یەکێکە لەو وڵاتانەی لە جیھاندا زۆر لاوازە بەرامبەر گۆڕانی کەشوھەوا و روبەڕوی قەیرانێکی سەختی ئاو بوەتەوە.

ھەروەھا سەرۆککۆمار چاوی بە یانس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) کەوت و باسیان لە دۆخی گشتی ئەمنی و سیاسی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا کردو تاووتوێی ئەو بابەتانەیان کرد، کە لە کۆنفرانسی کەشوھەوا (COP ٢٨)دا خرانەڕوو. 

لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا سەرۆککۆمار بەشی عیراقی لە شاری ئێکسپۆ کردەوە و لە میانەی سیمینارێکی گفتوگۆدا، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم بەشە دەرفەتێک دەرەخسێنێت بۆ فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری لەگەڵ ئیمارات و وڵاتانی جیھان، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بەدەستبھێنێت.

ھەر لە کۆنفرانسی کەشوھەوادا سەرۆککۆمار لەگەڵ سیندی ھێنسلی مەککەین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیھانیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و بابەتەکانی پەیوەست بە یارمەتییە مرۆییەکان و ئاسایشی خۆراکیان تاووتوێ کرد، ئاماژەی بە گرنگی کارکردن بۆ فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری نێوان عیراق و بەرنامەی خۆراکی جیھانی و چالاککردنی رۆڵی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بەتایبەت لە دۆسییەی مرۆیی ئاوارەکان و کۆتاییھێنان بە دۆخی ناھەمواریان.

سەرۆککۆمار بەشداریشی لە کارەکانی لوتکەی (G٧٧ + چین)  کرد، کە لە شاری ئێکسپۆی دوبەی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو بەڕێوەچوو.

ھاوکات لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوەوە و دوایین پێشھاتەکانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و پێشھاتە سیاسی و ئەمنی و ژینگەییەکانیان تاووتوێ کرد و سەرۆککۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی کۆبونەوەکانی پێشووی کەشوھەوا و چالاککردنی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بۆئەوەی ببنە واقیعێکی بەرجەستە.

بەبۆنەی ٥٢ەمین رۆژی نیشتمانی (ساڵڕۆژی یەکگرتن)ی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق پیرۆزبایی لە شێخ محەمەد بن زاید ئال نەھیان سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات کرد و ھیوای تەندروستییەکی باش و سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواست لە سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکەی، ھەروەھا بۆ گەلی ئیماراتی برا پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتری خواست.

ھەروەھا لە دوبەی چەندین چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی و تەلەفزیۆنی لەگەڵ سەرۆککۆمار ئەنجامدرا، کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عیراق و گەشەسەندنی ئەرێنی لە بوارە ئەمنی و سیاسی و ئابورییەکاندا خرانەڕوو.

ھاوکات د. لەتیف رەشید سەرۆککۆمار لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە و سەرۆکی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کۆبووەوە. لە ھەموو دیدارەکاندا لەگەڵ سەرکردە و سەرۆک و لێپرسراوانی وڵاتان و رێکخراوەکانی بەشدار لە لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوھەوا (COP٢٨)، سەرۆککۆمار ھەڵوێستی عیراقی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە دۆزی فەڵەستین و بەدیھێنانی مافە رەواکانی گەلی فەڵەستین، ئاماژەیشی بە پێویستی ھەڵوێستێکی نێودەوڵەتی راشکاوانە کرد دژی ئەو پێشێلکاریانەی لە کەرتی غەزە رودەدەن.

ھەروەک چاوی بە ئەندامانی وەفدی بەشداربووی عیراق لە کۆنفرانسی کەشوھەوا کەوت و بەشداریکردن و ھەوڵە بەرچاوەکانیانی لە قوڵترکردنی پەیوەندییەکانی عیراق لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بەرزنرخاند.