د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە سەردانەکەیدا دوبەی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی کۆپ ٢٨، بەشی عێراقی لە شاری ئێکسپۆی دوبەی کردەوە و رایگەیاند، کردنەوەی ئەو بەشە ھەلێکی دیکە بۆ فراوانکردنی ھاریکاری لەگەڵ ئیمارات و وڵاتانی جیھان دەڕەخسێنێت.

وتیشی، ئاسایشی ئاو و خۆراک و وزە پەیوەستن بەیەکەوە و روبەڕوبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەش لە پێشینەی کارەکانی عێراقە، ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی ژینگە سەرەکیترین کێشەی مرۆڤایەتییە و تەنھا بۆ وڵاتێک نییە و پێویستە ھەنگاو بنرێت بۆ باشکردنی ژینگە و پلانی بۆ دابنرێت و بە بەردەوامی گرنگی پێبدرێت.

سەرۆککۆماری عێراق باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا زۆر گرنگە رێککەوتنی نوێی نێودەوڵەتی بکرێت بە تایبەتی بۆ دابەشکردنی ئاوی روبارەکان و بەکارھێنانی، عێراقیش بە دەست کێشەی پشکی ئاوەوە دەناڵێنێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا، بەڵام پێویستی عێراق بۆ ئاو خەمڵاندنی بۆ ناکرێت و کاریگەری لەسەر وڵات ھەیە.