ئەمڕۆ ھەینی ١-١٢-٢٠٢٣ لە میانەی کۆنفرانسەکەدا، کە سەرۆک و سەرکردەکانی زیاتر لە ١٨٠ وڵات بەشدارن تێیدا، سەرۆککۆماری عێراق وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا جەختیکردەوە لەوەی پێویستە دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی دوبەی بۆ کەشوھەوا، گشتگیر و ھاوسەنگ و دادپەروەرانە بێت لەڕووی ھەڵسەنگاندن و ئامانجی جیھانی بۆ خۆگونجاندن لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی ھاوبەش، بەڵام جیاواز و بەپێی توانا و بارودۆخی نیشتمانی ھەر وڵاتێک بۆ بەدیھێنانی گواستنەوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان بەرەو وزەی پاک و نوێبوەوە و بەردەوام و زیادکردنی ئاستی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوھەوا بەڕەچاوکردنی پێویستی وڵاتە تازە گەشەکردووەکان لە دەستگەیشتن بە دارایی بۆ گۆڕانی کەشوھەوا و بونیادنانی توانا و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا.

ھەروەھا سەرۆککۆمار رونیکردەوە، عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی رێژەی بڵاوبونەوەی گازەکانی گەرمبونی زەوی-یان کەمە، بەڵام یەکێکە لە وڵاتە لاوازەکانی جیھان بەرامبەر گۆڕانی کەشوھەوا بەتایبەتی لە کەرتی ئاو و کشتوکاڵدا، لەم چوارچێوەیەشدا وڵات روبەڕوی قەیرانێکی زۆر گەورەی ئاو بوەتەوە، ئەویش بەھۆی کەمبونەوەی گەیشتنی ئاو لە وڵاتانی سەرچاوەی ئاوەکانەوە و کاریگەری گۆڕانی کەشوھەوا و شێوازی ئاودێری کۆنە، کە بۆتەھۆی ھەڕەشە لەسەر کلتوری شارستانی و  ئێستا و ئایندەی نەوەکانی داھاتومان. 

ھاوکات ئاماژەیکرد بە پێویستی پێکھێنانی کۆمەڵەیەکی ھەرێمی لە ھەشت وڵاتەکەی کەنداو بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا، جەختیشیکردەوە لەسەر گرنگی ھەوڵدانی زیاتر بۆ کارکردنی پێکەوەیی وەک یەک گروپی دانوستاندن و خاوەن ھەڵوێستی یەکگرتوو بۆئەوەی ئاستەنگەکانی داھاتووی کەشوھەوای ناوچەکە بۆ جیھان بخەنەڕو ھەروەھا مافی گەلەکانیان مسۆگەر بکەن.

دەقی وتەکەی سەرۆککۆماری عێراق...

خاوەن شکۆ و سەرۆک و خاوەن پایە و سەرکردەکان

سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت... 

جوانترین سڵاو و رێزی عیراق-تان پێشکەش دەکەم، وڵاتی میزۆپۆتامیا، لانکی شارستانییەتە مرۆییەکان کە یاسا و زانست و زانیاری پێشکەشکرد، یەکەمین سەرزەمین بوو یاساکانی بە سودوەرگرتن لە کلتوری سروشتی لە روبارە گەورەکانی دیجلە و فورات  داڕشت، کە ئەمڕۆ بەھۆی چەندین کاریگەرییەوە لەوانە گۆڕانی کەشوھەوا، ھەڕەشەی وشکبون و کەمبونەوەی ئاستی ئاویان لەسەرە.

عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی رێژەی بڵاوبونەوەی گازەکانی گەرمبونی زەوی-یان کەمە، بەڵام یەکێکە لە وڵاتە لاوازەکانی جیھان بەرامبەر گۆڕانی کەشوھەوا بەتایبەتی لە کەرتی ئاو و کشتوکاڵدا، لەم چوارچێوەیەشدا وڵات روبەڕوی قەیرانێکی زۆر گەورەی ئاو بوەتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ بەدەستییەوە دەناڵێنین بەھۆی کەمبونەوەی گەیشتنی ئاو لە وڵاتانی سەرچاوەی ئاوەکانەوە و کاریگەری گۆڕانی کەشوھەوا و شێوازی ئاودێری کۆنە، کە بۆتەھۆی ھەڕەشە لەسەر کلتوری شارستانی و ئێستا و ئایندەی نەوەکانی داھاتومان، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە وشکبونی زۆنگاوەکانی باشوری عیراقە، کە لە لیستی کەلەپوری جیھانیدا تۆمارکراون. 

لێکەوتەکانی خراپی کەشوھەوا لە عیراقدا وەک بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ بەرزترین ئاست و کەمبونەوەی باران بارین، کاریگەرییان ھەیە لەسەر فراوانبونی رووبەری وشکەساڵی و بە بیابانبون و کەمبونەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و خراپبونی زەوی و زیادبونی زریانی خۆڵبارین و لەدەستدانی سەرچاوە سروشتییەکان، ئەمانەش ھەمویان بونەتەھۆی ھاتنەئارای ئاستەنگە ئابورییەکان، کە زیادبونی ھەژاری و زیادبونی رێژەی ئاوارەبونی ناوخۆیی و کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵاتی لێکەوتۆتەوە.

ململانێی پەیوەندیدار بە ئاو نوێ نییە و دۆخی عیراق وەک وڵاتێک کە ئاوی تێدەڕژێت، دەگمەن نییە، بەڵام بۆ دڵنیابوون لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاو، داوا دەکەین گفتوگۆکانتان لەبارەی لەدەستدان و زیانەکان لە مافە دادپەروەرانەکانی وڵاتانی خوارەوەی روبارەکان لەخۆ بگرێت بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی ئاویان، چونکە بەبێ ئاسایشی ئاوی، ئاسایشی خۆراک بوونی نییە.
لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین، کە باپیرانمان لە میزۆپۆتامیا چییان کردووە، ٤٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر چارەسەری ئەم کێشەیەیان دۆزییەوە بە ئەنجامدانی یەکەم رێککەوتن بۆ دابەشکردنی سەرچاوەکانی ئاو لەڕێگەی دانوستانەوە. ئەمڕۆش ئێمە لەسەرئاستی جیھانی بەدوای ھەمان چارەسەردا دەگەڕێین لەڕێگەی کۆمەڵێک رێککەوتنەوە، کە دواھەمینیان پەیماننامەی پاراستن و بەکارھێنانی بەردەوامی ئاوی تێپەڕیوە، کە کاردەکەین بۆ پەسندکردنی و چالاککردنی بە زووترین کات. 

عیراق لەم بابەتەدا دواکەوتوە، چونکە تا ساڵی ٢٠٠٩ بەشداری لە رێککەوتننامەی کەشوھەوادا نەکردوە، ئەوەش بەھۆی پشتگوێخستنی ژینگە بوە لەلایەن رژێمی پێشوەوە، بەڵام ئێمە سورین لەسەرئەوەی بە ھەنگاوی خێرا بەرەو پێشەوە بڕۆین بۆئەوەی ئەرکی سەرشانمان جێبەجێ بکەین.

عیراق بەڵگەنامەی بەشداریی نیشتمانیی دیاریکراوی (NDC) پێشکەشکرد بۆئەوەی ببێتە سیاسەتێکی باڵا بۆ پەرەپێدانی خۆڕاگری بەرامبەر گۆڕانی کەشوھەوا، کە پلانی داھاتومان دادەڕێژێت بۆ کەمکردنەوە و خۆگونجاندن و بەدیھێنانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام لە ساڵی ٢٠٣٠دا.

لەم چوارچێوەیەدا ئامادەکردنی دووەم راپۆرتی راگەیەندراوی نیشتمانی لەسەر گۆڕانی کەشوھەوا و راپۆرتی نوێکراوەی ھەر دوو ساڵ جارێک لەسەر لیستی بڵاوبونەوەی گازەکان لە عیراقدا ئامادە دەکرێت، کە رەنگدانەوەی پابەندبونێکی ئاشکرای عیراقە لە بەشداریکردنی جیھان لە پابەندبونە ژینگەییەکانی. 

لەم روانگەیەوە، حکومەتی عیراق، رێوشوێنی خێرای جێبەجێکاری لە ئەستۆگرتوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکانی وزەی پاک و نوێبوەوە، ھەروەھا بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی پەیوەست بە بەرھەمھێنانی نەوت و راگرتنی سوتانی گاز و سودوەرگرتن لێی تا گەیشتن بە نەھێشتنی دەردانی گازی پەیوەست لەساڵی ٢٠٣٠دا، سەرەڕای کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمکەرەوەکان لە سیستمی کارەبادا لە رێی باشترکردنی توانای.

متمانە و باوەڕی تەواومان ھەیە، کە دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی دوبەی بۆ کەشوھەوا، گشتگیر و ھاوسەنگ و یەکسان دەبێت بۆ ھەموو وڵاتان بەتایبەتی لە بابەتەکانی ھەڵسەنگاندنی جیھانی، گواستنەوەی دادپەروەرانە، سندوقی لەدەستدان و زیانەکان، ئامانجی جیھانی بۆ خۆگونجاندن لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی ھاوبەش، بەڵام جیاواز بەگوێرەی توانا و بارودۆخی نیشتمانی ھەر وڵاتێک بۆ بەدەستھێنانی گواستنەوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە بەرەو وزەی پاک و نوێبوەوە و بەردەوام و نەرمی نواندن بۆ خۆگونجاندنی زیاتر لەگەڵ گۆڕانی کەشوھەوا بە لەبەرچاوگرتنی پێویستیی وڵاتانی تازە گەشەسەندو بۆ دەستڕاگەیشتن بە کۆمەکی پەیوەست بە کەشوھەوا و بونیادنانی تواناکان و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا.

سەبارەت بە ناوچەکەمان، عیراق و وڵاتانی دراوسێی لە کەنداو لە ھێڵی پێشەوەن بۆ روبەڕوبونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا. تەنانەت ئەگەر جیھان بتوانێت ئامانجەکانی رێککەوتننامەی پاریس بەدەستبھێنێت و بەرزبونەوەی تێکڕای پلەی گەرما سنورداربکات بۆ ژێر دوو پلە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بەتایبەتی لە کەناراوەکانی کەنداو، ئەم سنورە بە چەند پلەیەک تێدەپەڕێنێت. 

ئێمە ئێستا بەدەست بەرزبونەوەی پلەی گەرما، زریانی خۆڵبارین، کەمی ئاوەوە دەناڵێنین و ھەموو ئەم گۆڕانکارییانە سنورەکانی وڵاتان ناناسن. ھەروەھا وڵاتەکانمان پشت بە سوتەمەنییە بەردینیەکان دەبەستن بۆ ئابورییەکانیان، ئەوەش بەشێکە کە بارودۆخی تایبەتی لەلایەن رێککەوتنی کەشوھەواوە لەبەرچاو دەگیرێت. ھەر کردەوەیەک کە لەلایەن ھەر یەکێک لە ئێمەوە ئەنجام بدرێت، لە بواری کەمکردنەوەدا بێت یان لە بواری خۆگونجاندندا، کاریگەرییەکی ئەرێنی دەبێت و بۆ وڵاتانی دیکە درێژدەبێتەوە. ئێمە ھیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە بەشداریکردنی پێکەوەیی لە ھەوڵەکانمان و بە ھەموو تواناکانمان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا. 

بۆیە لەم سەکۆیەوە داوا لە وڵاتانی دراوسێ لە کەنداو دەکەین، ھەوڵی زیاتر بدەن بۆئەوەی پێکەوە وەک یەک گروپی دانوستاندن و بە ھەڵوێستێکی یەکگرتوەوە ھەوڵبدەین ئاستەنگەکانی داھاتووی کەشوھەوامان بۆ جیھان نیشان بدەین و ھەوڵبدەین مافەکانی گەلەکەمان مسۆگەر بکەین و کۆمەڵەیەکی ھەرێمی دامەزرێنین، کە ھەشت وڵاتی کەنداو لەخۆبگرێت، لەکاتێکدا بەراورد بە وڵاتانی دیکە، زۆرترین کاریگەری گۆڕانکاری مەترسیداری کەشوھەوایان لەسەر دەبێت.
 
لە کۆتاییشدا، ئیدانەی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی سەر کەرتی غەززە و ھاووڵاتییەکانی دەکەین و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لەبەرامبەر ئەو شەڕانگێزییە بوەستنەوە. دوبارە ھەڵوێستی خۆمان لەبارەی دۆزی فەڵەستین رادەگەیەنین و دوپاتیدەکەینەوە، کە گەلی فەڵەستین مافی چارەی خۆنوسینی ھەیە.
 دوبارە سڵاوی خوداتان لێبێت