ھەروەھا جەخت لەسەر پەیوەندییە شارستانی و مێژوویی و کلتوورییەکانی نێوان ھەردوو گەلی عیراق و ئەرمینیا کرایەوە، ھەردوو سەرۆکیش جەختیان لە گرنگی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کردەوە، بەھیوای  ئەوەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیش یارمەتیدەر بێت بۆ لێکنزیکبونەوەی ھەردوو گەلی عیراق و ئەرمینیا، کە ھاندەرێکیشە بۆ بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پەرەپێدانی پێگەی نێودەوڵەتی ھەردوو وڵات.

ھەر لەو بارەیەوە سەرۆککۆمار لە میانەی دیدارەکانیدا لەگەڵ ھاوتا ئەرمەنییەکەی، لە چوارچێوەی درێژەی دیالۆگی دۆستانە لە ئاستی باڵادا جەختی لە گرنگی سەردانە رسمییەکەی ئێستای بەڕێزیان بۆ ئەرمینیا کردەوە بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسییە ھاوبەشەکان و فراوانکردنی ھاریکاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی نێوان دامەزراوە حکومییەکان و ھاوکاری بازرگانی و ئابووری و بەرجەستەکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیھاندا.

ھەروەھا باس لە گرنگی پەرەپێدانی ھاریکاری نێوان پەرلەمانتارانی ھەردوو وڵات کرا، لەڕێگەی چالاککردنی پەیوەندییە وەرزییەکانی نێوان گروپە دۆستانەکانی ھەردوو پەرلەمان و ئاماژەیش بە سەردانی لیژنەی دۆستایەتی پەرلەمانی عیراق و ئەرمینیا لە پەرلەمانی عیراقەوە بۆ یەریڤان لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردودا کرا. ھەروەھا باس لە سەردانی گروپی دۆستایەتی پەرلەمانی عیراق و ئەرمینیا لە پەرلەمانی ئەرمینیا بۆ عیراق کرا، کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی داھاتوو ئەنجام بدرێت، ئەوەش ھاوکار دەبێت لە بەھێزکردنی گفتوگۆی نێوان ھەردوو وڵات و چەسپاندنی پەیوەندییە پەرلەمانییەکان.

ھاوکات جەختکرایەوە لەگرنگی گەشتە ئاساییەکانی نێوان بەغداد و یەریڤان، ھەروەھا لە نێوان ھەولێر و یەریڤاندا، بەوپێیەی دەبنە ھۆکاری زیادکردنی سەردانیکردنی گەشتیاران لە ھەردوو وڵات و دروستکردنی چەندین پەیوەندی کەسێتی و کۆمەڵایەتی و گرنگیدان بە ھەوڵەکانی زیادکردنی ئەو ھەمەچەشنکردنەی پەیوەندییەکان و پێکھێنانی بنکەیەکی یاسایی بەھێز، کە بەشداربێت لەوبارەیەوە.
ھەروەک جەخت لەھەوڵە ھاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربونەوە و نەھێشتنی تیرۆری نێودەوڵەتی بە ھەموو شێوە و دەرکەوتەکانیەوە کرایەوە.

سەرۆککۆمار پابەندبوون بە دامەزراندنی سیستمێکی نێودەوڵەتی پابەند بە بنەما و ئامانجەکانی بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئاشتی و دیموکراسی و خۆشگوزەرانی بۆ ھەموو گەلان و گروپە نەتەوەیی و ئایینییەکان، دوپاتکردەوە.

ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستی ھەوڵەکان بۆ قوڵکردنەوەی ھاریکارییەکان لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆڕە نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستی ھەماھەنگی ھەڵوێستەکانی عیراق و ئەرمینیا.

سەبارەت بە پرسی فەڵەستین، سەرۆک کۆمار ھەڵوێستی پتەوی عیراقی دووپاتکردەوە لە پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی و بەدەستھێنانی ھەموو مافە رەواکانیان و راگرتنی ئەو پێشێلکارییانە لە دژی فەڵەستینییەکان.

وەفدی ھەردوو وڵاتیش خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەو پرۆتۆکۆڵەی، کە لە خولی سێیەمی لیژنەی ھاوبەشی حکومەتی عیراق و ئەرمینیا بۆ ھاریکاری ئابووری ئیمزا کرا، کە لە رۆژانی ١٢ و ١٣ی ٩ی ٢٠٢٣ لە بەغدا بەڕێوەچوو، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵاتە و دوپاتیش لە ھەمەچەشنکردنی بازرگانی و درێژەدان بە گەشەکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەرەپێدانی ھاوکاری لە بوارە جیاوازەکانی بەرھەمھێنان و ستایشکردنی میکانیزمەکانی بەھێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کرا بۆ پەرەپێدانی کاری ھاوبەش و چڕکردنەوەی گفتوگۆی وەبەرھێنان لەڕێگەی جێبەجێکردنی میکانیزمە گرنگ و کاریگەرەکانەوە، ھەروەھا جەختیش لە بەشداریکردنی وۆرک شۆپ و کۆنفرانسە بازرگانی و پێشانگا تایبەتمەندەکان کرایەوە.

لە میانەی دیدارەکانی لەگەڵ لێپرسراوانی ئەرمینیا، سەرۆککۆمار تیشکی خستە سەر گرنگی پەرەپێدانی تۆڕە ھاوبەشەکانی وزە، گواستنەوە، پەیوەندیی و خزمەتگوزاریە لۆجستیەکان، لەوانەش پەرەپێدانی بەرنامە لە بوارەکانی وزەی نوێبووەوە و وزەی کلاسیکی، لەسەر بنەمای سەربەخۆیی ئاسایشی وزە و گرنگیدان بە سروشت و گەشەپێدانی بەردەوام، ھەروەھا روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و ئاماژەش کرا بە گرنگی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری لە بواری پلاندانانی تەلارسازیدا، بەتایبەتی لەبوارەکانی رێکخستنی شوێنە گشتییەکان، ھێنانی نوێترین تەکنۆلۆژیا لە کەرتی بیناسازی، سیستمی وزەی پاک و بەرزکردنەوەی ژێرخانی ئابوری پێشکەوتوو لە بواری بیناسازی شارستانی، جگە لە پەرەپێدانی ھاریکاری لەبواری تەکنەلۆژیای نوێدا لەنێوان ھەردوو وڵاتدا بەتایبەتی لەبوارەکانی دیجیتاڵکردندا، جێبەجێکردنی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی، پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد، بەرنامەی ھاوبەشی فێربونی تەکنەلۆژی لە نێوان ناوەندەکانی تەکنەلۆژیا و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، قوڵکردنەوەی ھاوکاری لە بوارەکانی فێربون، رۆشنبیری، وەرزش، کاروباری گەنجان، گەشتیاری، تەندروستی، کار، پرسە کۆمەڵایەتییەکان، روبەڕوبونەوەی گۆڕاوەکانی بەرھەمھێنان، ھاندانی پەیوەندی نێوان زانکۆ و دامەزراوە زانستی و توێژینەوە و رۆشنبیرییەکان لە ھەردوو وڵات، ھەروەھا ئاسانکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانس و وۆرک شۆپ و پێشانگا و بۆنە و بۆنەی دیکە بە ئامانجی پەرەپێدانی ھاوکاری لە بوارەکانی زانست و فێربون و سیاسەتی گەنجان.

جەختیش لە قووڵکردنەوەی ھاریکارییەکان لە بواری پاراستنی کەلەپوری مێژوویی و کلتووری ھەردوو وڵات و جێبەجێکردنی توێژینەوە شوێنەوارییەکان و بەرەنگاربوونەوەی ھەناردە و ھاوردەکردن و فرۆشتنی نایاسایی کرایەوە. ھەر لەو بوارەشدا تیشک خرایە سەر ھاریکاری لە چوارچێوەی یونسکۆ و کۆڕبەندی شارستانییەتە کۆنەکان و کۆڕبەندە فرەلایەنەکانی تر.
کۆبوونەوەکانی نێوان سەرۆک کۆمار و سەرکردەکانی ئەرمینیا تاووتوێی ھاریکاری لەبواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان و پێشخستنی بەھا دیموکراسیەکان و لێبوردەیی و ھەنگاونان بۆ ھاوکاریکردن بەرەو  قوڵترکردنی پەیوەندییە مێژوویی و فەرھەنگییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کرا.

سەرۆککۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەی سەرۆکی ئەرمینیا بەڕێز ڤاھاکین خاچاتوریان دەربڕی و بانگھێشتکردنی سەرۆکی ئەرمینیای بۆ سەردانکردنی عیراق لە ساڵی ئایندەدا دوپاتکردەوە.