ئەمڕۆ ھەردوو سەرۆک، سەردانی سەنتەری تۆمۆ بۆ تەکنەلۆژیای داھێنانیان کرد، کە تایبەتە بە تەکنەلۆژیا و فێربون و رونکردنەوەی وردیان لەسەر میکانیزمی کارکردنی سەنتەرەکە و بەرھەمەکانی و بەرنامەی فێرکردنیان پێشکەشکرا، کە روماڵی زیاتر لە وڵاتێکی ئەوروپی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

سەرۆککۆمار گەشەسەندنی سەنتەرەکەی لەسەرئاستی بەرھەمھێنان و پرۆگرام و تەکنەلۆژیا و پلاندانانی ئایندەیی لە بواری فێربون و راھێنان بەرزنرخاند، ئاماژەیکرد بە خواستی کردنەوەی بواری ھاریکاری و ھێڵەکانی پەیوەندی نێوان سەنتەرەکە و لایەنی عیراقی بۆئەوەی سودی لێ ببینرێت بۆ وەرگرتنی شارەزایی و تەکنەلۆژیا لە کەرتەکانی فێربون و ئاسایش و ئابوری و حوکمڕانیی دیجیتاڵی.

پاشان ھەردوو سەرۆک بەشدارییان لە سیمپۆزیۆمێکی دیالۆگدا کرد بەناونیشانی (دەستپێشخەریی تەکنەلۆژی لە نێوان ئەرمینیا و عیراق بۆ بەستنەوەی داھێنانەکان)، کە بە سپۆنسەری سەنتەری تەکنەلۆژیای تۆمۆ لە قەڵای رەشی مێژوویی بەڕێوەچو.

لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەکەدا، سەرۆکی ئەرمینیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری عیراق و وەفدی یاوەری کرد، کە بە مێژوویی و سەرکەوتوو وەسفی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە سەردانەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندی دۆستانە و ھاریکاریی بنیاتنەرانە لەنێوان ھەردوو وڵات لە زۆر بواری جێی بایەخی  ھەردوولا.

لەلایەن خۆیەوە د. لەتیف رەشید باسی لە سەردانەکەی بۆ ئەرمینیا و دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆک خاچاتوریان و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و ھەروەھا کۆبوونەوەی فراوانی نێوان وەفدی ھەردوو وڵات کرد، جەختیشیکردەوە ئەم سەردانە ھەنگاوی یەکەمە لەسەر رێگای ئایندەیەکی گەش بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ھەردوو وڵات لە بەرەوپێشچون و گەشەسەندندا.

لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆککۆمار رونیکردەوە، عیراق بە قۆناغێکی نایابدا تێدەپەڕێت لەڕووی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابوری، ھەروەھا دەرفەتی وەبەرھێنان ھاتۆتەئاراوە و عیراق پێشوازی لە کۆمپانیا ئەرمەنییەکان دەکات بۆئەوەی بەشداری بکەن لە سەرپێخستنەوەی ژێرخانی ئابوری و ئاوەدانکردنەوە، کە ئاستی خزمەتگوزاری و ئابوری ھەردوو وڵاتی دۆست بەرەوپێش دەبات.

سەرۆککۆمار بە بایەخەوە باسی لە ئاستی تەکنیکی پێشکەوتوو کرد، کە کۆماری ئەرمینیا بەدەستیھێناوە، جەختیشیکردەوە لە ویستی عیراق بۆ فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری و ئاڵوگۆڕی ئەزمون و سازکردنی وۆرک شۆپی راھێنان لە بواری تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و حوکمڕانی و فێربون و رۆشنبیری.

ھەروەھا لە سیمپۆزیۆمەکەدا پرسیار و دیالۆگ سەبارەت بە داھاتوی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ئەرمینیا و ھەلی بەردەست بۆ بوارەکانی تەکنیکی و تەکنەلۆژی ھاتەئاراوە.