لە میانی دیدارێکدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢-١١-٢٠٢٣ بەڕێوەچو، ھەردوو سەرۆک باسیان لە سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ئەرمینیا و رێگاکانی باشترکردنیان کرد، جگە لەوەی باسیان لە پێشھاتەکان و روداوە نێودەوڵەتییەکان کرد، سەرۆککۆماری عیراق ئاماژەی کرد بۆ بایەخی پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان ھەردوو وڵات و رێگاکانی فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری ھاوبەش لە سەرجەم بوارەکاندا.

ھەروەھا سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردەوە، کە پێکھاتەی ئەرمەنی لە عیراقدا بەشێکی گرنگە و رەنگێکی عیراقییە، شانازی پێوە دەکەین و ئەڵقەیەکی پەیوەندییە بۆ قوڵکردنەوەی رایەڵەکانی نێوان ھەردوو وڵات، راشیگەیاند؛ مێژووی بوونی ئەرمەنییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابلییەکان و بەشداریی کاریگەریان لە بونیادنانی عیراق و قوربانیدان لەپێناویدا ھەبوە. ھەروەک ئاماژەی بۆ رادەی ھاوسۆزی عیراقییەکان و ھەستکردنیان بە ئازاری کۆمەڵکوژییەکان کرد، کە دژی ئەرمەنییەکان ئەنجامدراوە، بەوپێیەی عیراقیش بە ھەمان ئازاردا تێپەڕیوە و لە قۆناغەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆمەڵکوژییەکانی ھەڵەبجە و ئەنفال ئەنجامدراون، دوا تاوانیش دەرھەق بە عیراق لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا.

سەرۆککۆمار بەرژەوەندی عیراقی بۆ چەسپاندنی بناغەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئەرمینیا لەڕێگای چالاککردنی میکانیزمی کاری دوو قۆڵی و بەدواداچوون بۆ دەرەنجامی کۆبوونەوەکانی لیژنەی ھاوبەش، کە لەم دواییانەدا لە بەغداد بەڕێوەچوو، رونکردەوە و ئاماژەی بە پێویستی بەھێزکردنی ھاریکاری کرد لە بواری تەکنۆلۆژیا و بە دیجیتاڵکردنی کەرتی ئابوری و  خزمەتگوزارییەکانی دیکەی دیجیتاڵی و حکومەتداری.
 
ھاوکات دوپاتیکردەوە، کە ئێستا عیراق خاوەنی سەقامگیرییەکی بەرچاوی ئەمنی و سیاسی و ئابورییە و ژینگەیەکی گونجاوە بۆ وەبەرھێنان لە زۆر بواردا، بەتایبەتی سەبارەت بە پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکەی، سەرەڕای ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ھاریکاری لە کەرتی گەشتیاری و ژینگەیی، ئاماژەی بەوەشکرد کە عیراق پێشوازی لە بەشداری کۆمپانیا ئەرمەنییەکان دەکات لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە بوارە جیاوازەکاندا.

سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی گەرمی سەرۆک خاچاتوریان-ی بەرزنرخاند و بانگھێشتێکی رەسمی ئاراستەی سەرۆککۆماری ئەرمینیا کرد بۆ سەردانی بەغداد لە ساڵی ٢٠٢٤دا، کە لەلایەن سەرۆک خاچاتوریان-ەوە قبوڵکرا.

لای خۆیەوە سەرۆک خاچاتوریان شانازیی خۆی بە سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ ئەرمینیا دەربڕی، کە کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەبێت و ئاماژەی بەوەدا، کە سەردانێکی مێژووییە بەوپێیەی یەکەم سەردانە لەلایەن سەرۆکێکی عیراقەوە ئەنجامدەدرێت.

سەرۆککۆماری ئەرمینیا ھەروەھا ستایشی رۆڵی سەرەکی عیراقی کرد لە بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانیکردنی لە چارەسەری ئاشتیانەی قەیران و کێشەکانی جیھان.

دواتر ھەردوو سەرۆک سەرۆکایەتیی کۆبونەوەیەکی فراوانی نێوان ھەردوو وەفدیان کردو تیایدا تاووتوێی ئیمزاکردنی رێککەوتننامە و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتنیان لە چەند بوارێکدا کرد، کە بەرژەوەندی باڵای ھەردوو وڵات و گەلی دۆست بەدەستبھێنێت.

لە کۆبوونەوە فراوانەکەدا باس لە زۆر کەرتی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا کرا، وەک پێویستیی گەشەپێدانی  گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان بەغدا و یەریڤان، ھەروەھا لە نێوان ھەولێر و یەریڤانیشدا، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادکردنی ھاتوچۆی گەشتیاران بۆ ھەردوو وڵات و بەھێزکردنی پەیوەندی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ھەردوو گەلی دۆست.

ھەر لە کۆبونەوەکەدا پەیوەندییە شارستانی و مێژوویی و کولتوورییە زۆرەکانی نێوان گەلانی عیراق و ئەرمینیا تاووتوێ کرا، کە بە دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی لە ڕێگەی نوێنەرایەتی دیپلۆماسییەوە لەسەرئاستی باڵیۆز لە ھەردوولا پتەوتر کراون.

ھەروەھا جەخت لەسەر گرنگی سەردانە رەسمییەکەی ئێستای سەرۆککۆمار بۆ کۆماری ئەرمینیا کرا لەڕووی چەسپاندنی پەیوەندییە سیاسییەکان و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی نێوان عیراق و ئەرمینیا و چالاککردنی کاری لیژنەی دۆستایەتی لە پەرلەمانی عیراق و ئەرمینیا بۆ گفتوگۆ و ھەماھەنگی لە ھەردوو وڵات و چەسپاندنی پەیوەندییە پەرلەمانییەکان، ھەروەھا ھاوکاری بازرگانی و ئابووری و جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.

ھەر لە دیدارەکەدا باس لەڕێگاکانی فراوانکردنی دەرفەتی ھاریکاری نێوان ھەردوو وڵات لە بوارەکانی وەبەرھێنان و وزە و تەکنەلۆجیا و ئاسانکاری بۆ ھاتنە ناوەوەی کۆمپانیا و بازرگانان و ھەروەھا پاڵپشتیکردنی کەرتی گەشتیاری کرا.

لەلایەکی دیکەوە جەخت لەسەر گرنگی ھەوڵە ھاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بە ھەموو شێوە و دەرکەوتەکانیەوە کرایەوە، ھەروەھا پێویستی پابەندبوون بە دامەزراندنی سیستەمێکی نێودەوڵەتی گشتگیر و یەکسان و نوێنەرایەتی بە پێی بنەما و ئامانجەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و دیموکراسی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلان و گروپە نەتەوەیی و ئایینییەکان، دوپاتکرایەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشکخرایەسەر ئیمزاکردنی پرۆتۆکۆلی نێوان ھەردوو وڵات لە میانی دانیشتنی سێیەمی لیژنەی ھاوبەشی حکومەتی عیراق و ئەرمینیا بۆ ھاریکاری ئابووری، کە لە ١٢ تا ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ لە بەغدا بەڕێوەچوو، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵاتە.

ھەروەھا بانگەشەی پێویستی ھەمەچەشنکردنی پەیوەندی بازرگانی و درێژەدان بە گەشەکردنی وردە وردەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و چڕکردنەوەی گفتوگۆی وەبەرھێنان و پەرەپێدانی ھاوکاری لە بوارە جیاوازەکانی بەرھەمھێنان، بە جێبەجێکردن و چالاککردنی میکانیزمەکانی ھاندانەکانی حکومەت، دوپاتکرایەوە.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایەسەر ڕێگاکانی پەرەپێدانی تۆڕە ھاوبەشەکانی وزە، گواستنەوە، خزمەتگوزاری لۆجستی و پەیوەندییەکان، لەوانە پەرەپێدانی بەرنامە لە بوارەکانی وزەی نوێبووەوە و دوبارە، لەسەر بنەمای بنەماکانی ئاسایشی وزە و سەربەخۆیی، گرنگیدان بە سروشت و گەشەپێدانی بەردەوام لە ھەردوو وڵات، پێویستی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری لە بواری پلاندانانی تەلارسازی و ناساندنی نوێترین تەکنەلۆژیا لە بواری بیناسازی و پاشەکەوتکردنی وزەی مۆدێرن و روبەری سەوزایی، گەشەپێدانی ژێرخانی پێشکەوتوو لە بواری بیناسازی شارستانیدا.

پەرەپێدانی ھاوکاری لە بواری تەکنەلۆجیا لەنێوان ھەردوو وڵاتدا جەختی لێکرایەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی دیجیتاڵکردن، جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان، پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد، بەرنامەی ھاوبەشی پەروەردەیی تەکنەلۆژی، جگە لە قووڵکردنەوەی ھاریکارییەکان لە بوارەکاندا لە پەروەردە، ڕۆشنبیری، وەرزش، کاروباری گەنجان، گەشتیاری، تەندروستی، کار، پرسە کۆمەڵایەتییەکان، و پاراستنی ژینگە، و ھاندانی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆکان، ناوەندە زانستی و توێژینەوەکان و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان لە ھەردوو وڵات، ھەروەھا ئاسانکاری بۆ بەڕێوەبردن لە کۆنفڕانس و وۆرک شۆپ و پێشانگا و بۆنە و چالاکییەکانی دیکە کە ئامانجیان پەرەپێدانی ھاوکارییە لە بوارەکانی زانست و پەروەردە و سیاسەتی گەنجان.

 بە ئاماژەدان بە پێویستی قوڵکردنەوەی ھاوکاری لە بوارەکانی پاراستنی کەلتوری دەوڵەمەندی مێژوویی و کولتووری ھەردوو وڵات و جێبەجێکردنی توێژینەوە شوێنەوارییەکان و بەرەنگاربوونەوەی ھەناردەکردن و ھاوردەکردن و فرۆشتنی نایاسایی کەلوپەلی کۆن و شوێنەواری و ھاوکاری لە چوارچێوەی یونسکۆ، کۆڕبەندی کەلتوری شارستانیەت و پلاتفۆرمە فرەلایەنەکانی تر.

 جگە لە گرنگی ھاوکاری لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان و بەرەوپێشبردنی بەھا دیموکراسیەکان و لێبوردەیی بە گرتنەبەری ھەنگاوەکان بۆ قوڵکردنەوەی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی ھەنووکەیی نێوان مەزھەبە ئایینییە جیاوازەکانی ئەو دوو وڵاتە، ھەروەھا بەرەوپێشبردنی دیالۆگ لەنێوان ئایین و مەزھەبەکاندا.