لە سەرەتای رێوڕەسمی ئیمزاکردنەکەدا، ھەردوو سەرۆک داوایان لە وەزیر و ئەندامانی ھەردوو وەفدەکە کرد، دەست بە ئیمزاکردنی رێککەوتننامەکان بکەن، لەسەرەتادا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەسەرھاوکاری نێوان وەزارەتی کار و پاراستنی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی ئازەربایجان و ھاوتا عیراقییەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئیمزاکرا، لایەنی عیراقی کە  ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بوو، رێککەوتنەکەی ئیمزاکرد، لە لایەنی ئازەربایجانەوە سەھل بابایێڤ وەزیری کار و پاراستنی کۆمەڵایەتی دانیشتوان ئیمزای کرد.

دواتر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ھاوکاری لە بواری گەشتیاری لەنێوان وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار ئیمزاکرا، کە بە نوێنەرایەتی عیراق بەڕێز زافر مەھدی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئیمزای کرد، بەڕێز فوئاد ناجیێڤ سەرۆکی ئاژانسی حکومەت بۆ گەشتوگوزار بەنوێنەرایەتی کۆماری ئازەربایجان ئیمزای کرد.

ھەروەھا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە راوێژی سیاسی نێوان وەزارەتەکانی دەرەوەی ھەردوو وڵات ئیمزاکرا، کە بە نوێنەرایەتی عیراق لەلایەن بەڕێز حسێن بەحر ئەلعلوم بریکاری وەزیری دەرەوە، لایەنی ئازەربایجانیش لەلایەن جەیھون عەزیزۆغڵو بیرامۆڤ وەزیری دەرەوە نوێنەرایەتی دەکرا.

ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی ئەو یاداشت و رێککەوتننامانە بە ئیمزاکردنی رێککەوتنی خزمەتگوزارییە ئاسمانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کۆتاییھات، کە لە لایەنی عیراقییەوە بەڕێز عیماد ئەسەدی سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی ئیمزای کرد، لەلایەنی ئازەربایجانەوە بەڕێز رەشاد نابیێڤ وەزیری گواستنەوە و گەشەپێدانی دیجیتاڵی ئیمزای کرد.

لە پەراوێزی مەراسیمی ئیمزاکردنی یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکان، ھەردوو سەرۆک لەتیف جەمال رەشید و ئیلھام عەلیێڤ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشیان ئەنجامدا.

لەسەرەتای قسەکانیدا سەرۆک کۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان دەربڕی بۆ بانگھێشت و پێشوازی گەرمی، جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکە سەرکەوتو و بەرھەمدار بووە و ھەردوولا بەدوای ھاوکاری و گەشەپێدان و وەبەرھێنانی زیاتر لە ژێرخانی ئابوری و نەوت و غاز و پرۆژەی جیاوازدا دەگەڕێن و لە ھەمانکاتدا وەبەرھێنان لە عیراق و ھاندانی بواری گەشتیاری لە نێوان ھەردوو وڵاتدا.

ھەروەھا سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا، کە لە دیداری دوو قۆڵیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان باس لە بارودۆخی عیراق و ئەو ئازادی و دیموکراسییە کراوە، کە لە ژێر سایەی دامەزراوە دەستوورییەکاندا بەدەستیدەھێنێت، ھەروەک ئاماژەی بەو دۆخانە دا، کە عیراق پێیدا تێپەڕیوە، لەوانە جەنگ و ئابڵوقە و تیرۆر، کە بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر دۆخی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی وڵاتەکە ھەبو و بوەھۆی داڕوخانی ژێرخانی وڵاتەکە، بەڵام ئەمڕۆ عیراق لەڕێگەی لێکتێگەیشتن و ئاشتی و سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لەنێوان سەرجەم مەزھەب و پێکھاتەکانی، شاھیدی پێشھاتە ئەرێنییەکانە.

سەرۆککۆمار رایگەیاند، عیراق پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە ھەیە بەوپێیەی ئابورییەکی بەھێزی ھەیە، کە تا رادەیەکی زۆر پشت بە نەوت دەبەستێت و رۆژانە ھەناردەکردنی دەگاتە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت، ھەروەھا لە بواری کشتوکاڵ و گەشەپێدانیشدا پێویستی بە ھاوکارییە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتر. رونیشیکردەوە، کە سودی سەردانەکەی بۆ باکۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە، ھەروەک وەفدی ئازەربایجان بەمزوانە دەگاتە بەغدا و بەشدار دەبێت لە دروستکردنی کەشێکی نوێ بۆ ھاوکاری و وەبەرھێنان لە نێوان ھەردوو وڵاتدا.

سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە، کە عیراق باوەڕی بە پرەنسیپی دیالۆگ ھەیە بۆ دورکەوتنەوە لە شەڕ و وێرانکاری، جەختی لەسەر مافی گەلی فەلەستین و پێکھێنانی دەوڵەتەکەیان بۆ چەسپاندنی بناغەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا کردەوە.

سەرۆککۆمار ئیدانەکردنی ئەو کردەوانەی دوپاتکردەوە، کە لە غەزەدا ئەنجامدەدرێن لە کوشتن و پەلاماردانی مەدەنییەکان، سەرەڕای پەلاماردانی ژێرخانی غەزە لە خوێندنگە و نەخۆشخانە و خانو و دانیشتوان. ئومێدیشی خواست ئەو قەیرانە دەستبەجێ کۆتایی پێبێت و گەلی فەلەستین مافەکانی لەسەر خاکەکەی وەربگرێتەوە.

سەرۆککۆمار روونیکردەوە کە زۆر بابەت ھەن کە دەتوانرێت بە وردی لەگەڵ سەرۆک عەلیێڤ تاووتوێ بکرێن، بەڵام ئەو بابەتانە بۆ وەزیرەکانی ھەردوولا جێدەھێڵێت، کە دەرئەنجامە تەواوکەرەکان رێکبخەن.

ھەروەھا بەڕێزیان خۆشحاڵی خۆی بە ئیمزاکردنی ئەو رێککەوتنانە و یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەردوو وڵات دەربڕی و جەختی لەسەر بەدواداچوونی زیاتر لەپێناو دروستکردنی پەیوەندیی پتەو کردەوە، سەرۆک کۆمار لە کۆتایی قسەکانیدا  پیرۆزبایی لە سەرۆک ئیلھام عەلیێڤ و گەلی ئازەربایجان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنیان لە بونیادنانی وڵاتەکەیان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی.

لە بەرامبەردا ئیلھام عەلیێڤ سەرۆککۆماری ئازەربایجان بەخێرھاتنی سەرۆککۆماری کرد و سەردانەکەی بە مێژوویی وەسفکرد بەوپێیەی یەکەم سەردانی رەسمیی سەرۆک کۆماری عیراقە بۆ ئازەربایجان و ستایشی بەشداریکردنی پێشووی کرد لە کۆنفرانسی وڵاتانی بێلایەن.

سەرۆک عەلیێڤ ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم سەردانە دەبێتەھۆی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و درێژەپێدەری پشتیوانیی یەکتری نێوان ھەردوو وڵات دەبێت لەڕێگەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک رێکخراوی وڵاتانی بێلایەن و رێکخراوی کۆنگرەی ئیسلامی و نەتەوە یەکگرتووەکان، ھەمیشەش بەرگری لە سەروەری و پاراستنی خاکی یەکتر دەکەن.

عەلیێڤ رونیکردەوە، کە کورتەیەکی لەبارەی سروشتی پەیوەندییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ ئەرمینیا بە سەرۆک کۆمار داوە، جەختی لەسەر ھەوڵەکانی ئازەربایجان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەرمینیا و کارکردن بۆ دانانی بناغەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا، کردەوە.

سەرۆکی ئازەربایجان باسی لەوەکرد، کە مانگی داھاتوو لیژنەی دوو قۆڵی عیراق و ئازەربایجان لە بەغدا کۆدەبێتەوە، ھەروەھا لە ماوەی داھاتودا ھێڵی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان ھەردوو پایتەخت فراوانتر دەبێت بۆ کەرکوک و ھەولێر و بەسڕە، ھەروەھا ھەوڵدەدەن ئاسانکاری بکەن بۆ پێدانی ڤیزەی ھاتنە ژورەوە و گەشتیاری لە نێوان ھەردوو وڵاتدا، جەخت لەوەش دەکەنەوە، کە ئەم سەردانە بۆ ئێمە سەردانێکی سەرکەوتوە و بەردەوام دەبین لە دیالۆگ.