لەسەرەتای دیدارەکەدا سەرۆککۆمار سوپاسی قەداسەتی پاپای کرد بۆ سەردانیکردنی عیراق و جەختی لەوە کردەوە، کە عیراقییەکان بە خۆشەویستی و شانازییەوە ئەو سەردانە یاد دەکەنەوە، کە چەمکەکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و قوڵی پەیوەندییەکانی نێوان ئایینەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عیراق لەخۆدەگرێت.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا، کە ناوچەکەمان پێویستی بە پەرەپێدانی بنەماکانی برایەتی و لێبوردەیی ھەیە، ھاوکات جەختی لە بایەخی ھەوڵە ھاوبەشەکان کردەوە بۆ برەودان بە بنەماکانی دیالۆگ و ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی نێوان گەلان، ھەروەھا بانگھێشتکردن و نوێژ و پەیامە گشتییەکانی ڤاتیکان کاریگەرییەکی مەعنەوییان ھەیە لە ئارامی و دیالۆگ و بەرجەستەکردنی لێکتێگەیشتن.

راشیگەیاند، عیراق ھەنگاوی گەورەی ناوە لە ھێنانەکایەی ئاسایش و سەقامگیری سیاسی و کارە لە پێشینەکانی ئەمڕۆمان بریتییە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی ئاستی بژێویی ھاووڵاتیان و ئامادەکردنەوەی ژێرخانی ئابوری و گەشەپێدانی ئابووری بۆ بەدیھێنانی گەشەسەندنێکی فراوان. سەرۆککۆمار جەختی لەوەش کردەوە، عیراق بە پەرۆشە بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و فرەیی و رێزگرتن لە ماف و ئازادییەکان. ھەروەک ئاماژەی بەوەکرد، کە پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان باشە و ویستێکی ھاوبەش ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەی دەستور و یاسا. 

ھاوکات د.لەتیف رەشید باسیشی لە بارودۆخی کریستیانەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە پێکھاتەیەکی سەرەکین لە بونیادنانی وڵاتدا و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانییەکەی، ھەروەھا حکومەتیش بەپەرۆشە بۆ گەڕانەوەی ئاوارە مەسیحی و ئێزدی و پێکھاتەکانی دیکە بۆ ناوچەکانیان و یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیە مرۆییە لە رێی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی شیاو بۆیان و پاراستنی بونی مەسیحییەکان و فرەیی لە وڵاتدا.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوە کرد، کە دەرگاکانی سەرۆکایەتی کۆمار کراوەن لەبەردەم مەسیحییەکان بۆ بەدەنگەوەچونی داواکاری و بابەتەکانیان، بە شێوەیەک کە بژێوی و سەقامگیرییان مسۆگەربکات.
ھەروەک سەرۆککۆمار باسی لەوەکرد، کە عیراق پەیوەندییەکی باشی ھەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھاندا لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان. ھەروەھا باسی لە بارودۆخی فەڵەستین و غەزە کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە عیراق بەتوندی پێشێلکارییەکان و ھێرشە بەردەوامەکانی دژ بە فەڵەستینیەکان سەرکۆنە دەکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات ھەوڵی زیاتر بدات بۆ راگرتنی ھێرشەکان و پاراستنی ھاووڵاتیانی مەدەنی و مسۆگەرکردنی گەیشتنی ھاوکارییە مرۆییەکان.

لەبەرامبەردا، قەداسەتی پاپا پێشوازی لە سەردانەکەی سەرۆککۆمار کرد و جەختی لە پشتیوانی ڤاتیکان کردەوە بۆ ھەوڵەکانی عیراق لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئایین و پێکھاتەکاندا. ھەروەھا ئاماژەی بە رۆڵی پێکھاتەی مەسیحی کرد لە برەودان بە ھاوئاھەنگی و ھاوکاری و قوربانیدانیان لەپێناو عیراقێکی گەشەکردو پێشکەوتو و پابەندبوونیان بە ناسنامەی نیشتمانییەوە.
ھەروەھا قەداسەتی پاپا جەختی لە بایەخی بەھێزکردنی ھەلی ئاشتی لە جیھاندا کردەوە، چونکە جەنگەکان مانای شکستن.

دواتر لە نێوان سەرۆککۆمار و قەداسەتی پاپا دیاری ئاڵوگۆڕ کرا.

لە دیدارەکەدا ھەریەک لە دیلان عەبدولغەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و رەحمان ئەلعامری باڵیۆزی عیراق لە ڤاتیکان و ژمارەیەک لە راوێژکار و لێپرسراوان ئامادەبوون.