دەقی پەیامی پیرۆزباییەکەی سەرۆککۆمار بۆ یادی سلێمانی...

ئەمساڵ سلێمانی یادی ٢٣٩ ساڵەی بونیادنانی دەکاتەوە، کە ھەر لە دروستبونییەوە لەسەردەستی بابانەکان تا ئێستا لە ھەوڵی بەردەوامدایە بۆئەوەی لە کاروانی پێشکەوتنی شارە گەورە و گرنگەکانی عیراق و تەنانەت ناوچەکەشدا پێشەنگ بێت و ببێتە نمونەیەک لە جوانییەکانی ھەرێمی کوردستان و عیراق.

کاتێک لە ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابان، ئەم شارە بونیاد دەنرێت، بەناوی سلێمان پاشای باوکییەوە ناوی دەنێت سلێمانی و دەیکاتە پایتەختی میرنشینی بابان، لە ھەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی رۆشنبیری و خوێندەواری و شارستانی.

شاری سلێمانی، کە پایتەختی رۆشنبیریی ھەرێمی کوردستانە، بەدرێژایی مێژووەکەی بۆتە سیمبولی خەبات و تێکۆشان و خزمەت بە نیشتمان. 

لەم شارەوە گەلێک کەسایەتی سیاسی و خەباتکار و رۆشنبیر و نوسەر و شاعیر و دڵسۆزی خاک و وڵات دەرکەوتون و بەدرێژایی تەمەنیان خزمەتیان بە مرۆڤایەتی کردوە.

سلێمانی لە بەرەنگاربونەوەی زوڵم و زۆرداریی رژێمە خراپەکانی عیراق وەک
بەعس وچانی نەبوو، ھەمیشە دەیویست ئازاد و سەربەست و دور لە سەرکوتکردن بژی، رۆڵەکانی ھەمیشە خەبات دەکەن بۆئەوەی ژیانێکی باشتر و خۆشتر بژین و بۆ نەوەکانی ئایندەی بەدەستبھێنن، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی دروشمی عیراقێکی دیموکراتی و فیدراڵی و مافی گەلی کوردە لە عیراقدا و پشتگیری خەباتی ھەموو کوردی کردوە لە ھەموو کوردستاندا.

ھەر لە دروستبونی دەوڵەتی عیراقەوە، سەرکردەکانی کورد وەک جەنابی شێخ مەحمودی حەفید داوای مافی کورد و دۆستایەتیان لەگەڵ گەلی عەرەب کردوە.
 لەم پێناوەدا زۆرجار لەگەڵ برا عەرەبەکاندا خاوەن خەبات بوین بۆ عیراقێکی دیموکراتی و بەدەستھێنانی مافی گەلی کورد.

 ھەر لەم چوارچێوەیەدا رۆشنبیرەکانی کورد و عەرەب دۆستایەتی بەھێز و پێکەوە تێکۆشانیان ھەیە لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجە ھاوبەشەکان.
ئەم شارە زیندوەی نیشتمان لە بونیادنانی عێراقێکی دیموکراتی ئازادی فیدراڵدا رۆڵێکی بەھێزی گێڕا، جێ دەستی لە ھێنانەکایەی عیراقێکی جیاوازی دوور لە دیکتاتۆرییەت زۆر باش دەناسرێتەوە، ھەربۆیە شایستەی ئەوەیە لە خێر و خۆشی و سامانی نیشتماندا بایەخی زیاتری پێبدرێت و کاربکرێت بۆئەوەی جوانتر و جوانتر بێت. بەتایبەت کە زۆربەی ھێزە سیاسییەکان بنکەی بەھێزیان لە سلێمانی بوە.
ئێمە لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ھەمیشە کاردەکەین بۆ خزمەتکردنی ھەموو پارێزگا و شارەکانی نیشتمان، دەمانەوێت خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و پێشکەوتنی شارەکانی وڵات لە باشترین ئاستدا بێت، بۆ ئەوەش لە پەیوەندی بەردەوام و کارکردنی پێکەوەییداین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان و حکومەتە خۆجێیەکان.