لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ شەممە ١١-١١-٢٠٢٣ بەڕێوەچو، بارودۆخی ناوچەکانی فەلەستین و دەستدرێژییە بەردەوامەکان بۆسەر کەرتی غەزە تاووتوێی کرا و دەرئەنجامەکانی ئەو پەلاماردانە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە باس کران.

سەرۆککۆمار ھەڵوێستی عیراقی دووپاتکردەوە لە پشتیوانیکردنی پرسی فەلەستین تا گەیشتنی گەلی فەلەستین بە تەواوی مافە رەواکانی، ھەروەھا بەتوندی سەرکۆنەی ئەو ھێرشە دڕندانەیەی کرد، کە دژی خەڵکی مەدەنی بێ دیفاع ئەنجام دەدرێن، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە ئەستۆبگرن بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەری و زامنکردنی پاراستنی دانیشتوانی مەدەنی و دابینکردنی رێڕەوی ئارام بۆیان.

ھەروەھا ئاماژەیکرد، بە پێویستی ھاریکاری و ھەماھەنگی و یەکخستنی ھەڵوێستەکان لەبارەی پرسە جێ بایەخەکانی ھەردوولا بەشێوەیەک، کە دەرفەتی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بڕەخسێنێت.
لەبەرامبەردا سەرۆکی فەلەستین ھەڵوێستەکانی عیراقی بۆ پشتیوانیکردن لە پرسی فەلەستین بە حکومەت و گەلەوە بەرزنرخاند و جەختیکردەوە، کە ئەم ھەڵوێستانە گوزارشت لەو پەیوەندیە قوڵانە دەکەن، کە ھەردوو گەلی برا کۆدەکاتەوە.

ھاوکات ئەوەشی خستەڕوو، کە گەلی فەلەستین ئەمڕۆ رووبەڕووی دەستدرێژییەکی ئاشکرا بووەتەوە و تاوانی جینۆسایدیان دەرھەق دەکرێت، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی فەلەستینییەکان.

شایانی باسە لە دیدارەکەدا فوئاد حسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە ئامادەی بوو.