لەمیانەی وتەکەیدا سەرۆککۆمار ھەڵوێستی چەسپاوی عیراقی دووپاتکردەوە، کە داوای بەدیھێنانی ھیواکانی گەلی فەڵەستین دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین کە قودسی پیرۆز پایتەختی بێت.

سەرۆککۆمار بە توندی سەرکۆنەی پێشێلکارییە ئاشکراکانی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانی کرد، بەتایبەتی ئەو تاوانانەی کە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانەکان و دامەزراوە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج و ھەزاران قوربانییان لێکەوتوەتەوە، کە زۆربەیان منداڵ و ژن و بەساڵاچوانن.

لە وتەکەیدا د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ھەنگاوی جدی بنێت بۆ سەرکۆنەکردنی ھێرشە نەخشەبۆکێشراو و پێشێلکارییە مەترسیدارەکان و بەئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەکان لە کەرتی غەزە و راگرتنی دەستبەجێی کردەوە سەربازییەکان، ھەروەھا بەخێرایی ھەنگاو بنرێت بۆئەوەی رێگە بە کاروانی یارمەتییە مرۆییەکان بدەن بەزووترین کات و بەبێ کۆت و بەند بچنە ناو خاکی فەڵەستینەوە. جەختیشی لەوە کردەوە ئەوەی سوپای داگیرکەر لە غەززە ئەنجامی دەدات، ھیچ پاساوێکی نییە جگە لە بەرجەستەکردنی سیاسەتی نەژادپەرستی کە لەسەر بنەمای دەربەدەرکردن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و بەجولەکەکردنی ناوچە فەلەستینییەکان و فراوانکردنی بونیادنانی ئۆردوگای نیشتەجێبوون، داڕێژراوە.

دەقی وتەکانی سەرۆککۆمار:


 بەناوی خودای گەورە و میھرەبان

برای بەڕێزم شازادە محەمەد کوڕی سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز ئال سعود، جێنشینی شانشینی عەرەبستانی سعودی
خاوەنشکۆ و بەڕێزان و پایەبەرزان
بەڕێز ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی 
بەڕێز ئەمینداری گشتی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی
خوشکان و برایانی بەڕێز 

سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت

لە سەرەتای ئەم وتەیەدا سوپاسێکی بێ پایانم ئاڕاستەی خزمەتکاری ھەردوو حەرەمی پیرۆز، خاوەنشکۆ شا سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز ئال سعود و شازادە محەمەد کوڕی سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز ئال سعود دەکەم، ھەروەھا ستایش و پێزانینم بۆ گەلی سعودییەی برا بۆ میوانداریکردنی کارەکانی ئەم لوتکەیە، کە لە ھەلومەرجێکی سەختدا سازدەکرێت و تایبەتە بەو تاوانانەی بەدرێژایی رۆژ لەلایەن سوپای داگیرکەرەوە لە ھەوڵی بێ سوددایە بۆ لەناوبردنی دۆزی فەلەستین و ماف و خواستەکانی گەلی فەلەستین بە گشتی.

عێراق ھەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دوپاتدەکاتەوە، کە بریتییە لە بەدیھێنانی خواستەکانی گەلی فەلەستین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین کە قودسی پیرۆز پایتەختی بێت.

عێراق سیاسەتی تۆڵەسەندنەوە و سزادانی بەکۆمەڵ رەتدەکاتەوە، کە داگیرکەر دژی گەلی فەلەستین پەیڕەوی دەکات، ھەروەھا عێراق بە توندی سەرکۆنەی پێشێلکارییە ئاشکراکانی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەکات، بەتایبەتی ئەو تاوانانەی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج، کە لە ئەنجامدا ھەزاران قوربانی لێکەوتوەتەوە و زۆربەیان منداڵ و ژن و بەساڵاچون.

لەم مینبەرەوە، عیراق داوای دانانی چوارچێوەیەکی کرداری دەکات بۆ رزگارکردنی گەلی فەلەستین لەم کۆمەڵکوژییانە، لە رێگەی ئەم داواکارییانەی خوارەوە:
یەکەم: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکرێت بە جددی کاربکات بۆ سەرکۆنەکردنی پەلامارە نەخشەبۆکێشراو و پێشێلکارییە مەترسیدارەکان و بەئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەکان لە کەرتی غەززە، دواتریش دەستبەجێ وەستاندنی جەنگ.

دووەم: ھەنگاوی پەلە و جددی بنرێت بۆئەوەی دەستبەجێ و بەبێ ھیچ کۆت و بەندێک رێگە بە کاروانی یارمەتییە مرۆییەکان بدرێت تا بچنە ناو خاکی فەڵەستینەوە.
سێیەم: جەختکردنەوە لەوەی کە بڕینی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردن لە کەرتی غەزە بەئامانجی گۆشەگیرکردنی زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە و شاردنەوەی تاوانەکانی جەنگی داگیرکەرە لە جیھان، ئەمە جگەلەوەی رێگری لە ئەرکەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات بەتایبەتی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ فریاگوزاری پەنابەران (UNRWA).

چوارەم: ئەوەی سوپای داگیرکەر لە غەززە ئەنجامی دەدات، ھیچ پاساوێکی نییە جگە لە بەرجەستەکردنی سیاسەتی نەژادپەرستی، کە لەسەر بنەمای دەربەدەرکردن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و بەجولەکەکردنی ناوچە فەلەستینییەکان و فراوانکردنی بونیادنانی ئۆردوگای نیشتەجێبون، داڕێژراوە.

ئەو کردەوە دڕندانانەی ئێستا دەسەڵاتدارانی داگیرکەر پەیڕەوی دەکەن، پیلانێکی تاوانکارییە بە ئامانجی دەرکردنی فەلەستینییەکان لە ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەمەش سیاسەتێکی قێزەونانەیە و بە تەواوی ڕەتکراوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا سورین لەسەر مافی گەڕانەوەی پەنابەران و کۆچبەرانی فەڵەستینی بۆ زێد و ناوچەکانی خۆیان.

خاوەنشکۆ و بەڕێزان و پایەبەرزان

کۆماری عیراق، کە ھەمیشە پشتیوانی لە دۆزی گەلی فەلەستین و خەباتی دادپەروەرانەی بۆ مافە رەواکانیان کردووە، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لەو ئازارە مرۆییە دەڕوانێت کە فەڵەستینییەکانی خستووەتە دۆخێکی ناھەموارەوە لەنێوان بێدەنگییەکی نامۆ و ناڕەوای نێودەوڵەتیدا، کە ئاماژەیە بۆ گرژیی زیاتر و دۆخێک درێژە پێدەدات لە گرژی و گەشەسەندنی قەیران لە ناوچەکەدا و رێگری دەکات لە گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و کۆتاییھاتنی ئەم دۆخە.

دوبارە جەخت لە ھەڵوێستی نەگۆڕی عیراق دەکەینەوە لە پشتیوانیکردنی دۆزی فەلەستین و خۆڕاگری گەلی فەڵەستین بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەو ھێرشە بەردەوامە دڕندانانەیە و ھاودەنگیی رەھای کۆماری عیراق لەگەڵ گەلی فەڵەستین لە بەدیھێنانی خواستەکانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆیان دووپاتدەکەینەوە، کە قودسی پیرۆز پایتەختی بێت بەپێی بڕیارنامەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

دوبارە سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت