د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە پەراوێزی کارەکانی کۆنگرەی لوتکەی عەرەبی لە شاری ریاز، لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کۆبوەوە، لە دیدارێکدا پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا و چۆنییەتی پەرەپێدانیان و دوایین پێشھاتەکان لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و رەوشی فەلەستین و تاووتوێ کران.

لە دیدارەکەدا د. لەتیف رەشید جەختیکردەوە لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان عێراق و سوریا و پێویستی پەرەپێدانی ھاریکاری لە ھەموو بوارەکاندا بە شێوەیەک، خزمەت بە بەرژەوەندی ھاوبەشی ھەردوو گەلی برا بکات، ھەروەھا گرنگی بەردەوامبوونی پێکەوە کارکردنی بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، دوپاتکردەوە.

ھاوکات ھەڵوێستی عیراقی لە پشتیوانیکردنی گەلی فەلەستین بۆ بەدەستھێنانی مافە رەواکانی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین، دوپاتکردەوە.

سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی سوریا بە توندی ئیدانەی دەستدرێژییەکانیان کرد بۆسەر غەززە، کە خەڵکی مەدەنی و نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج، جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی دەستبەجێ راگرتنی بۆردومانەکان و پاراستنی خەڵکی مەدەنی و دڵنیابوون لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە خێزانە گەمارۆدراوەکان و دابینکردنی ڕێڕەوی ئارام بۆیان.