د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لەوەفدێکی نوێنەرانی پێکھاتە و کەمینەکانی عێراق و ئەوەشی خستەڕو، فرەیی کەمینە و پێکھاتەکان بنەمایەکی بەھێزن بۆ ئێستا و داھاتووی وڵات، ئەوەش پێویستی بە ڕێزگرتنی مافە بنەڕەتیەکانی ھەموو پێکھاتەکان و بەرجەستەکردنی ئەزمونی دیموکراسی ھەیە، بۆ بەشداریکردنی ھەموان لە بونیادنانی وڵاتدا لەسەر بنەمای ھاووڵاتیبوون.

ئاماژەی بەوەشدا کە شانازی بەو فرەییەوە دەکەن، کە ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ بەرەو پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان ھەموو پێکھاتەکانی عێراق. داواشیکرد قبوڵنەکردنی ستەم  و بڵاوکردنەوەی کلتووری کارکردن بۆ عێراق لە پرۆگرامی خۆێندنگەکاندا بخوێندرێت بۆ پێگەیاندنی نەوەیەک کە باوەڕی بە ناسنامەی نیشتمانی عێراقی ھەبێت.

سەرۆککۆمار جەختی لەگرنگی یەکڕیزی و ھەوڵەکانی ھاوکاری نێوان ھەمووانیش کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی کارنامەی حکومەت لە بواری چەسپاندنی سەقامگیری ئاسایش و بەردەوامبوون لە باشترکردنی دۆخی ژیان و خزمەتگوزاریەکان بۆ ھاونیشتمانیان بەتایبەتی لەبواری تەندروستی و فێرکردن و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری.