د.لەتیف رەشید لە بەغداد ئامادەی سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا  بوو و لە وتارێکدا باسی لەوەکرد، پێویستە عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سەبارەت بە دابەشکردنی سەرچاوەکانی ئاو بگاتە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە.

دەقی وتارەکەی سەرۆککۆمار...

وەزیرە بەڕێزەکان
خوشکان برایان ، ئامادەبووانی بەڕێز
سڵاوی خوداتان لێبێت

لە سەرەتاوە خۆشحاڵم کە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەرۆکایەتی و ستافی زانکۆی بەناوبانگی بەغدا و پەیمانگای عێراقی بۆ دیالۆگ بکەم کە بانگھێشتیان کردین بۆ بەشداریکردن لەم کۆنفرانسە گرنگەدا، ھەروەھا دەمەوێت ستایشی تیشک خستە سەر ئەو بابەتە زۆر گرنگتان بکەم  کە لەڕاستیدا مەترسیەکی راستەقینەیە بۆ جیھانەکەمان، کە گۆڕانی کەشوھەوا و کاریگەرییە ڕاستەوخۆو ناراستەوخۆکانیەتی لەسەرمان .

لە دەیان ساڵی ڕابردوودا عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بووەتەوە و بەدەست نادادپەروەری ڕژێمە تۆتالیتارییەکانەوە دەناڵێنێت کە نوقمی شەڕە ناوچەییەکان و گەمارۆ و داگیرکارییەکی نێودەوڵەتی و دواجاریش سەرھەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆتەوە کە بە خوێنی شەھیدەکانمان و قوربانیدانی گەلەکەمان ویەکڕیزیمان شکستمان پێھێنا.

ئەمڕۆ کۆدەبینەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاڵنگاریەکی دیکە کە ھەڕەشە لە جیھان و مرۆڤایەتی بە گشتی دەکات، ئەویش گۆڕانی کەشوھەوایە، کە لە ئەنجامی چالاکیی ئابووریی جیھانی مۆدێرن و پشتبەستنی بێسنووری بە سووتەمەنی کانزایی، کە دەبێتە ھۆی زیادبوونی دەردانی گازە گەرمکەرەکان - گرنگترینیان دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە.

دەردانی بێ سنووری گازی گەرمکەر کاریگەری لەسەر کەشوھەوای جیھان دروستکردوە، لە ئەنجامە ڕاستەوخۆکانیان، لافاو، ئاگرکەوتنەوە، شەپۆلی گەرمای لەڕادەبەدەر لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان، زریانی تۆز و کەمی باران کە ناوچەکەمان لەم ساڵانەی دواییدا تووشی بووە، بەتایبەت عێراق. ئەگەر دۆخەکە وەک خۆی بەردەوام بێت، مەترسییەکە کاریگەری لەسەر ھەموو لایەنەکانی ژیانمان دەبێت، لە خۆراک و ئاسایش و تەندروستی و ژینگە و ئابووریدا، ئەمەش پێویستی بە کارکردنی ھەموان ھەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگاریە ڕاستەقینەیە.

تا ئەم دواییانە عێراق وڵاتێکی خۆبژێو بوو لە ڕووی خۆراکەوە، و وەزارەتەکانی سەرچاوە ئاوییەکان و کشتوکاڵ پێکەوە کار دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستی جووتیاران لە ئاو و ئامێر و کەرەستەکانی ئاودێری.

بەڵام دۆخەکە بەھۆی کەمی ئاوەوە دەستی بە گۆڕانکاری کردوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی سیاسەتی وڵاتانی سەرچاوەکانی ئاو  و کەمی باران و خراپی بەڕێوەبردن رۆڵیان ھەبوو لەم بوارەدا.
عێراق بە تایبەتی کاریگەری گۆڕانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کەشوھەوای لەسەرە. ئێمە بەدەست پلەی گەرمی بەرز و کەمی باران و بە بیابانبوون و وشکەساڵی و زریانی تۆزوخۆڵەوە دەناڵێنین. ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەری وێرانکەریان دەبێت، بەو پێیەی دەبێتە ھۆی تێکچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و نەمانی زۆنگاوەکان و کەمبوونەوەی بەرھەمی خۆراک و زیادبوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، ھەروەھا زیادبوونی کۆچ بۆ شارەکان و ناسەقامگیری .

عێراق، وەک وڵاتێکی بەرھەمھێنەری نەوت، ڕووبەڕووی کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکان دەبێتەوە کە گرنگییەکی کەمتریان نییە لەو مەترسیەی کاتێک ئابووری جیھانی پشتبەستنی بە سووتەمەنی بەردینی کەم بکاتەوە.

لە ژێر ڕۆشنایی ئەوانەی باسکران، بە پێویستی دەبینین کاربکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری ھاووڵاتیان و بڵاوکردنەوەی کەلتوری گرنگیدانی ژینگەیی و ھوشیارکردنەوە لە پرۆسەی خوێندندا کە ھەموو ئاستەکانی خوێندن لەخۆبگرێت، لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستپێبکات و کارکردن چڕبکرێتەوە بۆ سنووردارکردن یان کەمکردنەوەی ھەر کاریگەرییەکی نەرێنی کە عێراق ڕەنگە دوچاری ببێتەوە.

ئێمە وەک وڵاتێکی بەرھەمھێنەری نەوتی بەرپرسیارانە دەبێت کاربکەین بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمکەر لە عێراقەوە (واتە ئەوەی پێی دەوترێت کەمکردنەوەی کرداریی کەشوھەوا) ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە لە بەڵگەنامە نیشتمانییەکەماندا کە لە چوارچێوەی بەرنامەکانی وەزارەتی نەوت و لقەکانیدا تۆمارکراوە و ئاماژەمان پێکردووە، بە وەستاندنی سووتاندنی گازی میتان، و سوودی لێ وەربگرن بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبایی.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی وەزارەتی کارەبا بکەین لە ئەنجامدانی گرێبەستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی پاک وەک وزەی خۆر.

خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوھەوا پێویستییەکی ڕەھایە. ئەمەش پێویستی بەوەیە کە بە میکانیزمی چالاکییە سەرەتاییەکانماندا بچینەوە، وەک ئاودێری و کشتوکاڵ، ھەروەھا دەبێت کاربکەین بۆ ھەمەچەشنکردنی چالاکییە ئابوورییەکانمان. جیھان پشتبەستنی بە سووتەمەنی بەردینی کەمدەکاتەوە. بۆ نموونە یەکێتیی ئەورووپا بەر لە کۆتایی ئەم دەیە کۆتایی بە بەرھەمھێنانی ھەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەھێنێت کە پشت بە سووتەمەنی بەردینی دەبەستن.

مرۆڤ بۆ یەکەمجار لە کەناری دیجلە و فورات و لقەکانیان لە میزۆپۆتامیا کشتوکاڵی کرد و عێراق یەکەم سەرچاوەی یاساکانە. کۆنترین بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پرسی ئاو، پەیمانی ئاشتی ھەمیشەیی "میسلیم"ە کە زیاتر لە ٤٥ سەدە لەمەوبەر لە نێوان دوو شاری سۆمەری کە کەوتبوونە کەناری دیجلە، ئەوانیش لەکش و ئوما  ئەنجامدرا. ئامانجی ئەم پەیماننامەیە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە لەمێژینەی نێوان ھەردوو شارەکە بوو لەسەر بەکارھێنانی ئاوەکانی ڕووباری دیجلە. پەیماننامەکە کۆمەڵێک ڕێسای بۆ ھاوبەشکردنی ئاوەکانی ڕووبارەکە دامەزراند، ھەروەھا لایەنەکانی پەیماننامەکەی لە دروستکردنی بەنداو یان پێکھاتەی دیکە قەدەغە کرد کە دەستوەردان لە ڕۆیشتنی ڕووبارەکە بکات و ئاو لە وڵاتی خوارەوەی ڕووبارەکە ڕابگرێت. 

ئەمڕۆ دەبێ بە ھاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ - ئێران، تورکیا، و سوریا - وڵاتانی دۆست کە لەگەڵیاندا بەرژەوەندی ھاوبەشی ئایینی، کولتووری و جەماوەری ، ھەروەھا بەرژەوەندی ھاوبەشی ئەمنی و ئابووری ھاوبەشمان ھەیە، دەبێت ھەوڵبدەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە ڕێگەی پەیماننامەوە کە زامنی مافی گەلەکانمان بکەین، کەبەدەستھێنانی ئاوە . لەڕاستییدا عێراق تاکە وڵات نییە کە خۆی لەم دۆخە سەختەدا ببینێتەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ھیچ ڕێککەوتنێکی بەرفراوانی ڕەوا ھاوشێوەی پەیمانی لەکش و ئومما نییە.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەی سەرەوە، پێویستە خۆمان بگونجێنین و میکانیزمە کشتوکاڵییەکانمان مۆدێرن بکەین بۆ ئەوەی بە کەمترین سەرچاوەی ئاو کاربکەین و بەکارھێنانی تەکنیکەکانی سیستمی کشتوکاڵی مۆدێرن گشتگیر بکەین کە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەدەستھێنانی ئاسایشی خۆراک. جێگای خۆشحاڵییە کە وەزارەتی کشتوکاڵ دەستپێشخەری کردوە بۆ گۆڕینی ئەو میکانیزمانە، بە ھاوکاری لەگەڵ دامەزراوە کارامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک ڕێکخراوی جیھانی خۆراک و کشتوکاڵ و بەرنامەی خۆراکی جیھانی.
گۆڕانی کەشوھەوا پرسێکی نێودەوڵەتییە و لەدوای لوتکەی زەویەوە کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری ڕیۆ دی جانیرۆی بەرازیل بەڕێوەچوو، جیھان دەستیکردووە بە گرنگیدان پێی. زۆرینەی ڕەھای وڵاتانی جیھان ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەیان واژۆ کردووە کە ھەوڵی چارەسەرکردنی پرسی گۆڕانی کەشوھەوا دەدات و ناوە تەواوەکەی کۆنفرانسی چوارچێوەی "نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوھەوا" یە. عێراق لەم لوتکەیەدا لە ھەردوولا، نێودەوڵەتی و عێراقی ئامادەبوو.

کارکردن لەم بوارەدا لەگەڵ وڵاتانی پیشەسازی و گەشەسەندوو لە دانوستانەکاندا، کە ئەنجامەکانی بۆ جیھان گرنگ دەبێت. دانوستان ئاسان نییە، بەرژەوەندی ناکۆکی لە نێوان وڵاتانی پیشەسازی (بە بەرپرسیارێتی مێژوویی سەبارەت بە دەردانی گازی ژەھراوی) و وڵاتانی تازەپێگەیشتو کە پێداگری لەسەر مافی خۆیان دەکەن بۆ گەرەنتیکردنی ژیانێکی شایستە، و ھەموو ئەو شتانەی کە ئەمە لە ڕووی بەکارھێنانی وزەی بەردینەوە پێویستی پێیەتی. بە سەرنجدانی گرنگی دەرئەنجامەکان، گرنگی ئەو وڵاتانە دەبینین کە بەشداری لەم دانوستانانەدا بکەن لەگەڵ شاندە فراوان و بەرپرسیار و کاراکان. بەتایبەت کە ئەم دانوستانانە پێویستی بە ھاوکاری ژمارەیەک لایەن ھەیە لە کۆنفرانسی ساڵانەی داھاتووی لایەنەکانی ئەم ڕێککەوتنە (بیست و ھەشتەم Cop ) لە مانگی داھاتوو لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت.

چاوەڕوانین کە نوێنەرایەتی عێراق بکەین لەم کۆنفرانسەدا بە ھاوکاری وەزیرە پەیوەندیدارەکان، گومانی تێدا نییە کە دەرئەنجامی کۆنفرانسەکەمان بەشدارییەکی ئەرێنی لە کارەکانی شاندی عێراقی و بەھێزکردنی ھەڵوێستەکانیدا دەبێت. بۆیە سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ زانکۆی بەغدا و پەیمانگەی عێراقی بۆ دیالۆگ دووپات دەکەمەوە کە ئەم کۆنفرانسەیان سازکرد، ھەروەھا سوپاسی ئامادەبووانی بەڕێز دەکەم کە لەگەڵ ئێمە بەشداریان کرد. 

دوبارە سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت