دادگای فیدراڵی عێراق دانیشتنێکی سەبارەت بە سکاڵایەکی قەشە لویس رافائیل ساکۆ پاتریاکی کلدانییەکان لە عێراق و جیھان ئەنجامدا، کە دژی د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق تۆماریکردبوو. 

لە سکاڵاکەدا، لویس ساکۆ داوایکردووە رێکاری دەرچوواندنی مەرسومی کۆماری ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ کشانەوەی مەرسومی کۆماری ژمارە ١٤٧ی ساڵی ٢٠١٣، کە تایبەتە بە دانانی کاردینال لویس رافائیل ساکۆ، بە ناڕاست و نا دروست لە قەڵەم بدات. 

بەڵام دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ھیچ رێکارێکی ناڕاست و ناتەندروست لە مەرسومی کۆماری ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠٢٣دا نییە و سکاڵاکەی رەتکردەوە. 

مانگی تەممووزی رابردووی ئەمساڵ، وتەبێژی سەرۆکایەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کشانەوەی ئەو مەرسومە زیان بە پێگەی ئاینی و یاسایی کاردیناڵ لویس ساکۆ ناگەیەنێت و رێز و پێزانینی لە سەرۆکایەتی کۆمار ھەیە، بەوپێیەی پاتریاکی کلدانییە لە عێراق و جیھان. ئاماژە بەوەشدرابوو، سەرۆککۆمار ھەمیشە رێزی لە مەسیحییەکانی عێراق گرتووە و بەرگری لە مافەکانیان کردووە و ھەڕەشە و لێدوانی توند دژی کڵێسا و ھەر مەزھەبێکی دیکە لە وڵاتەکە رەتدەکاتەوە.