لە میانی دیدارەکەدا سەرۆککۆمار، جەختی لە گرنگی رۆڵی ژمێریاران و وردبینیکاران کردەوە لە باشترکردنی دۆخی ئابووری وڵات لە ڕێگەی پەرەپێدان و بەھێزکردنی سیستمی ژمێریاری لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، ھەروەھا پێویستی دابینکردنی شارەزایی پێویست بۆ فەرمانبەران لە ئەنجامدانی کارەکانیان و ئەو ئەرکانەی کە پێیان سپێردراوە بە شێوەیەک کە شەفافیەتی لێ بێتەدی و ئاستی کارگێڕی بەرز بکاتەوە.

سەرۆککۆمار باسی گرنگی ڕۆڵی سەندیکای ژمێریاران وردبینیکاران لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەکانی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و  گێڕانەوەی سامانی بەتاڵان براوی نیشتمانی، جەختیشی لە پێویستی گرتنەبەری شێوازێکی ژمێریاری ورد و زانستی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی  و گرنگی پرۆسەکانی ژمێریاری کردەوە بۆ پاراستنی ئابووری نیشتمانی لە گۆڕانکارییەکان کە ھەڕەشە لە ئابوری زۆرێک لە وڵاتان دەکەن.

لە لای خۆیەوە سەرۆکی سەندیکای ژمێریار و وردبینیکاران ئاماژەی بەوەدا، کە سەندیکا ھەنگاوی گرنگی ناوەو و کاریش دەکات بۆ ڕاھێنانی تواناکانی گەنجان لە بواری ژمێریاری و وردبینی بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی گەندەڵی.