بەسەرپەرشتی د.لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ژینگە، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ وۆرکشۆپێکی لەبارەی گۆڕانی کەشوھەوا  ئەنجامدا.

وۆرک شۆپەکە کە بە ئامادەبوونی سەرۆککۆمار و وەزیری ژینگە، بەڕێز نزار ئەمێدی، سەرۆکی دیوان، بەڕێز کامیل دلێمی و ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران و بەرپرسانی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچوو، بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد، دواتر ئامادەبووان سورەتی فاتیحەیان خوێندن بۆ گیانی پاکی شەھیدانی عێراق و فەلەستین. 

سەرۆککۆمار وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا ئاماژەی بە کاریگەرییە گەورەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و قەیرانی ئاو لەسەر ژینگە و کشتوکاڵ کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ھۆکارەکانی کەمی ئاو بەھۆی چەند فاکتەرێکی بنچینەیی پەیوەستن بە کەشوھەوا و کەمی بارانبارین و بەرزی پلەی گەرما و وشکەساڵی و بە بیابانبوون، کە ئەم ھۆکارانە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی مرۆڤەن و ئاماژە بەوە کرد کە ھەوڵێکی بێ ووچان ھەیە بۆ بەکارھێنانی ئاوی  باران وبەفر لە ناوچەکانی ھەرێم و گلدانەوەی لە بەنداوەکان لە ڕێگای کۆکردنەوەی ستراتیژی و دروستکردنی بەنداو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ھۆکاری دیکەی کەمی ئاو پەیوەندی بە سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقەوە ھەیە کە دەکەونە دەرەوەی سنوورە جوگرافییەکانی و وڵاتانی سەرچاوەکانی ئاو کۆنترۆڵی بڕی ئەو ئاوە دەکەن کە لە ڕێگەی ڕووباری دیجلە و فورات و لقەکانیانەوە دەڕژێنە وڵاتەوە، ئاماژەشی بەوەدا کە ھیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی یان دووقوڵی نییە بۆ ڕێکخستنی دابەشکردنی ئاوی ڕووبارەکان لە نێوان وڵاتاندا . 

د.لەتیف ڕەشید جەختی لەوەشکردەوە، کە عێراق لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کە سەرچاوەی ڕووبارەکان و لقەکانیانی تێیدا، ھەوڵدەدات پشکێکی دیاریکراو و دادپەروەرانە بەدەست بگات کە پێداویستییە ئاوییەکانی دابین بکات، ھەروەھا ھەوڵی بەدەستھێنانی پلانەکانی کارپێکردنی ئەو وڵاتانە دەدات لە بەنداو و پڕۆژەکانیان لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات کە نابێت کاریگەری لەسەر پشکی عێراق ھەبێت. 

سەرۆککۆمار ھۆکاری سێیەمی کەمی ئاوی دەستنیشانکرد وەک پێویستی باشترکردنی بەڕێوەبردنی بەکارھێنانی ئاو بەگرتنەبەری ڕێگا مۆدێرنەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ و جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری و بڵاوکردنەوەی کلتوورێکی نوێی بۆ پاراستنی ئاو  ئەمەش لەڕێگای بەرنامەی فێرکردن لە خوێندنگەکاندا  بۆ خوێندکاران لە تەمەنێکی بچووکەوە بۆ ئەوەی فێری بەفیڕۆنەدانی ئاو بکرێن.

ھەروەھا نزار ئامێدی وەزیری ژینگە، وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا ئاماژەی بەکاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا لەعێراقدا کرد بەھۆی زیادبوونی وشکەساڵی و بە بیابانبوون و خۆڵبارین و خراپبوونی زەوی و کەمبوونەوەی زەویە کشتوکاڵییەکان و لەدەستدانی سیستمی ژینگەیی و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئابوورییەکانیان وەک زیادبوونی ھەژاری و کۆچ لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان کە ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاو و خۆراک و ئاسایشی کۆمەڵگە، ھەروەھا وەزیری ژینگە ڕایگەیاند کە وەزارەتی ژینگە کاری زۆری کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگانە، چونکە ھەوڵە نیشتمانییەکان بەڕێوە دەبات  بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا، بەتایبەتی دوای ئەوەی عێراق بە فەرمی بەشداریکرد لە ڕێکەوتننامەی پاریس بۆ کەشوھەوا، لە کاتێکدا بەڵگەنامەی ھاوبەشیەکانی نیشتمانی عێراقی تەواو کرد کە بە چەتری کارەکانی کەشوھەوا تا ساڵی ٢٠٣٠ دادەنرێت .

 دواتر سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، کامیل دلێمی وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا باسی لە کاریگەرییە گەورەکانی گۆڕانی کەشوھەوا لەسەر ژیان و تەندروستی مرۆڤ لە ئێستا و داھاتوودا کرد. بەڕێزیان گوتیشی ئەو گۆڕانکارییە کەشوھەوایەی ڕووبەڕووی جیھان دەبێتەوە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی، دەبێتە ھۆی لەمپەرخستنە بەردەم دەیان ساڵی پێشکەوتن لە بواری تەندروستیدا، بەتایبەتی  کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی بەردەکەوێت لە ئەو مەترسییانەی کە بەھۆی ئەم خراپبوونە ژینگەییە سەختەوە دروست دەبێت، کە بەھۆی بەرکەوتنی بە شەپۆلی گەرما و بارانبارینی ناڕێک و وشکەساڵی و کەمی ئاو و کەمبوونەوەی ڕێژەی شوێنە سەوزەکان و زیادبوونی شۆرەکات و ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر بارودۆخی ئابووری وڵاتەوە وەک سەرۆک کۆمار ئاماژەی کرد بەو دۆسیانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی ھاوڵاتیانەوە ھەیە بەگوێرەی لە پێشینەکانی ئاسایش و سەقامگیری و ئاو و کەشوھەوا.

پاشان چالاکییەکانی وۆرکشۆپەکە بەچاودێری بەڕێوەبەری فەرمانگەی پلاندانان و گەشەپێدان لە سەرۆکایەتی کۆمار، بەڕێز سەگڤان جوندی دەستیپێکرد وبەگفتوگۆ و لێکۆڵینەوەی  ژمارەیەک پسپۆڕی پەیوەندیدار بە گۆڕانی کەشوھەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و پێشبینییەکانی کەشوھەوا لە عێراق و ھەروەھا بەشدارییە نیشتمانیەکانی عێراق و ئاڕاستەکانی کرداری کەشوھەوا لەخۆگرت، جگە لە ئامادەکارییەکانی عێراق بۆ کۆنفرانسی داھاتوو  لە وڵاتی ئیمارات .