سەرۆککۆمار پێشوازی لە ژمارەیەک سەرۆکی نوێنەرایەتیە دیپلۆماسیەکان لە ڕۆما و ڤاتیکان و نوێنەرانی وڵاتان لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ھەوڵێکی یەکلاکەرەوە و بەرپرسیارانە بدەن بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژی و بۆردومانیکردن و بەردەوامی کردنە ئامانجی خەڵکی مەدەنی و نەخۆشخانەکانی شاری غەززە و پاراستنیان و مسۆگەرکردنی سەلامەتیان و کردنەوەی ڕێڕەوی ئارام بۆ  گەیاندنی بەپەلەی یارمەتییە مرۆییەکان بە خەڵکی شارەکە.

بەڕێزیان لە میانی پێشوازیکردنی لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە ئیتاڵیا لە ژمارەیەک سەرۆکی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە ڕۆما و ڤاتیکان و نوێنەری وڵاتان لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھاوسۆزی تەواوی عێراقی بۆ گەلی فەلەستین دەربڕی و دووپاتیکردەوە لەپشتگیریکردنی گەلی فەلەستینی بۆ بەدەستھێنانی مافە زەوتکراوەکانیان.

سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پێکھێنانی پەیوەندیەکی ھاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان بەھەند وەردەگرێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی عێراق و لێکتێگەیشتن لەبارەی پرس وبەرژەوەندییە ھاوبەشەکان .

سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا کە عێراق لەسەر بنەمای ڕۆڵی جەمسەری خۆی ھەوڵ دەدات بناغەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت، چونکە پێی وایە ململانێ و جەنگ و ناکۆکییەکان چارەسەری کێشەکان ناکەن، بەڵکو زیاتر ئاڵۆزیان دەکەن، وتیشکی خستە سەر ئەوەی کە عێراق زیانی زۆری بەرکەوتووە لە ئەنجامی جەنگ و توندوتیژی و تیرۆر و دیکتاتۆرییەت کە کاریگەری نەرێنی لەسەر زۆر بوار ھەبووە بەتایبەتی ژیانی ئابووری و خزمەتگوزاری و ژینگەیی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ عێراق پێشکەوتنێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت بەو پێیەی حکومەت گرنگییەکی زۆری بە سەقامگیری ئەمنی داوە، جگە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، درێژەدان بە پرۆسەی چاکسازی وسنووردارکردنی گەندەڵی و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری وڵات و دەستپێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، بەتایبەتی دوای پەسەندکردنی بودجەی گشتی بۆ ماوەی سێ ساڵ، ئاماژەی بەو دۆخە کرد کە بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری بونە ھۆکاری ئەوەی شاری موسڵ میوانداری فێستیڤاڵی بەھارەی سازکرد و بەسرە میوانداری جامی کەنداوی عەرەبی ئەنجامدا، ھەروەک لە چلەی ئیمام حسێندا نزیکەی ٢٠ ملیۆن زیارەتکار بەشداریانکرد، بەبێ ھیچ  ڕووداو و پێشێلکارییەکی ئەمنی بەڕێوەچون  ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەقامگیری ئەمنی و پێشکەوتنی شارەکان لە عێراقدا.

ھەروەھا سەرۆککۆمار ئاماژەی  بە قەیرانی ئاو کرد کە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە دەرەوەی سنوورە جوگرافییەکانیەتی، ئەوەش وایکردوە وڵاتانی سەرەوەی ڕووبارەکان کۆنترۆڵی بڕی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و لقەکانیان بکەن کە ھیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی یان دووقۆڵی نییە کە پشکی وڵاتانی ھاوبەش لە ڕووبارەکاندا ڕێکبخات، جگە لە گۆڕانی کەشوھەوا، بە بیابانبوون، وشکەساڵی، خراپی سیستمی بەڕێوەبردن و کەم نەکردنەوەی  بەکارھێنانی ئاودا کێشەی دروستکردوە، ھیواشی خواست بە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی ئاوی روبارەکانی عیراق کە گەرەنتی پشکی دادپەروەرانەی عێراق لە ئاو بکات.

لە درێژەی دیدارەکەدا بەڕێزیان باسی لە ڕەشنووسی ئەو یاسایانە کرد کە سەرۆکایەتی کۆمار بۆ پەسەندکردنی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردوە وەک ڕەشنووسی یاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو، ڕەشنووسی یاسای ھەموارکردنەوەی بڕیاری ئەنجومەنی سەکردایەتی رژێمی ھەڵوەشاوە سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی، ڕەشنووسی یاسای دەستەی باڵای پەرەپێدانی تواناکانی ژنان، ڕەشنووسی یاسای ھەموارکردنەوەی یاسای ماددە ھۆشبەرەکان و ماددە دەروونییەکان و ڕەشنووسی یاسای گێڕانەوەی ئەو پارەیەی بە گەندەڵی براوەتە دەرەوە، جگە لە ئازادکردنی نزیکەی ٩ ھەزار دەستگیرکراو کە ماوەی سزادانەکانیان بەسەرچووە و ھەڵوەشاندنەوەی یاساکانی رژێمی پێشوی ھەڵوەشاوە.
ھاوکات بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی باشەو وە ئیرادەیەک لە ھەردوولا ھەیە بۆ بەردەوامیدان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەسەر پرسە ھەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستوور و یاسا.

ھەروەک بەڕێزیان ئاماژەی بەوە کرد، عێراق بەردەوامە لە دابینکردنی ئاسانکاری بۆ بازرگانان و ھاندانیان بۆ وەبەرھێنان و ھاتنە ناو بازاڕی عێراق، و ھیوای خواست کە وێنەی ڕاستەقینەی عێراق بە وڵاتەکانیان بگەیەنن .

ە بەرامبەردا باڵیۆزەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ بەڕێزیان دەربڕی و ستایشی ھەڵوێست و پاڵپشتییەکانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکانیان دەربڕی، جەختیان لە خواستی حکومەتەکانیان کرد بۆ بەردەوامبوون لە ھاوکاری لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا، ھاوکات خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو پێشکەوتنانەی لە سەقامگیری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەدیھاتوون.