سەرۆککۆمار لە کۆڕبەندەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە عێراق گرنگییەکی تایبەتی بە ھەر دەستپێشخەریەک دەدات کە ببێتە مایەی گەشەسەندنی بواری ئاو و کشتوکاڵ و پەرۆشی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ئەو دۆخەی کە تێیدا بوو کاتێک پێی دەگوترا زەوی ڕەشایی پێش دەستپێکردنی جەنگ و ناکۆکییەکان لە وڵاتەکەمان کە دەیان ساڵە بەردەوامە. 

ھەروەھا سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەشکردوو، کە جیھان ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکانی سەدەی بیستەم بوویەوە، لەوانە جەنگ و برسێتی و قەیرانی ئابووری. لەڕاستیدا، ئێمە پێویستمان بە دەستپێشخەری زیاتر و داھێنان و کرداری بەکۆمەڵ ھەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەک، لەوانە گەشەی دانیشتوان، کە بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر جیھانی ئێمە بە سەرچاوەی سنووردار.

سەرۆککۆمار ئاماژەشی بەوەدا کەعێراق ھەوڵدەدات بەرنامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون بگرێتەبەر، بەزیادکردنی ئەو ڕووەکانەی کە بەرگەی وشکەساڵی  و شۆرەکات و گۆڕانی کەشوھەوا دەگرن، چەسپاندنی وزەی پاک و نوێبووەوە و پاراستنی فرەچەشنی بایۆلۆجی و گەڕاندنەوەی ھاوسەنگی ژینگەیی و دروستکردنی ژینگەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی ھەمەچەشنکردنی ئابووری و پەرەپێدانی سامانی ڕووەک و ئاژەڵان، ھەروەھا گرتنەبەری شێوازە مۆدێرنەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ.

ئەمەش دەقی ووتەکەی سەرۆککۆمارە:


"بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ، بەڕێز شو دنیۆ  

خوشکان برایان ئامادەبووانی بەڕێز..

 سڵاوێکی گەرم..

سەرەتا سوپاستان دەکەم کە بانگھێشتتان کردین بۆ بەشداریکردن لەم کۆڕبەندە گرنگەدا، ھەروەھا دەمەوێت ستایشی ھەڵبژاردنی ئەم بابەتە زۆر گرنگە کە کشتوکاڵ یەکێک لە چەمکە پێویستەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و گۆڕانی کەشوھەوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە زنگی مەترسییەکی گەورە دەخاتە ڕوو لە  سەر جیھان،  ئەمڕۆ لەم شارە دێرینەی کە خاوەن پێگەیەکی کلتووری و مێژوویی دیارە و لە ڕۆژی جیھانی خۆراکدا کۆدەبینەوە کە حەفتا و ھەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە خاوەن ئامانجە بەرزەکان تێپەڕدەبێت.


 کشتوکاڵ، کە بۆ یەکەمجار لەلایەن مرۆڤەوە لە کەنارەکانی دیجلە و فورات سەری ھەڵداوە، یارمەتی مرۆڤیدا کە بتوانێ  شارەکان بونیادبنێت کە شارستانییەتە کۆنەکان تێیدا پەرەی سەندووە.
عێراق لە رێگەی تێزەکانی حەمورابیەوە یەکەم سەرچاوەی یاساکان بوو کە  باسی ئەم بەشە گرنگەی ژیانی مرۆڤایەتی بکات و کۆنترین پەیماننامەی جیھانیە سەبارەت بە پرسی ئاو، کەپەیمانی "میسیلیمە"،  واتە پەیماننامەی ئاشتی ھەمیشەییە لە نێوان دوو شاری سۆمەری کە دەکەونە کەناری دیجلە واتە لەگش و ئوما، زیاتر لە چل و پێنج سەدە لەمەوبەر واژۆکراوە و ئامانجی ئەو پەیماننامەیە چارەسەرکردنی ناکۆکی درێژخایەنی نێوانیان بوو کە ھەردوو شارەکە لەسەر بەکارھێنانی ئاوەکانی رووباری دیجلە واژۆیان کرد .
پەیماننامەکە کۆمەڵێک رێسای بۆ دابەشکردنی ئاوەکانی ڕووبارەکە داڕشت، ھەروەھا لایەنەکانی پەیماننامەکە دروستکردنی بەنداو یان ھەر بەربەرستێکی دیکەیان قەدەغە کرد کە دەستوەردان لە رۆیشتنی ڕێڕەوی ڕووبارەکە بکات و ئاوی وڵاتی خوارەوەی ڕووبارەکە ڕابگرێت.


 ئەمڕۆ لە سایەی پێشکەوتنە زانستی و پرۆسەی بواری کشتوکاڵدا، جیھان توانیویەتی ئاسایشی خۆراک بەدیبھێنێت، ئەم ڕێکخراوە بەشداریی لە پێشخستنی ئەو پێشھاتانەدا کردووە و درێژەیش بەم رێبازە دەدات لە رێگەی چەندین دەستپێشخەرییەوە، کە دەستپێشخەرییەکن ئێمە پشتیوانی دەکەین و زۆرێک لە وڵاتان دەتوانن توانا نیشتمانییەکانیان پەرەپێبدەن و سوود لە بەرنامەکانی ڕێکخراوەکە وەربگرن.   
عێراق ئەوپەڕی بایەخ بە ھەر دەستپێشخەرییەک دەدات کە دۆخی ئاو و کشتوکاڵی وڵاتەکان باشتر بکات، ئێمەش بەوپەڕی تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵین بۆ ئەوەی بیگەڕێنینەوە بۆ ئەو دۆخەی کە تێیدا بوو کاتێک پێش ھەڵگیرسانی شەڕ و ململانێکان ناوی لێنرابوو (خاکی ڕەشایی). لە وڵاتەکەماندا کە بۆ دەیان سەدە بەردەوام بوو.

 جیھان بە سەرکەوتنێکی حاشا ھەڵنەگر ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی سەدەی بیستەم بووەتەوە، لەوانە شەڕ و برسێتی و قەیرانی ئابووری. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە پێویستمان بە زیاتر لە دەستپێشخەری و داھێنان و کاری بەکۆمەڵ دەبێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەکەم ببینەوە، لەوانەش زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، کە بارگرانییەکی گەورە لە سەرچاوە سنووردارەکانی جیھانەکەمان دەکات.   
 ژمارەی دانیشتوانی جیھان بەردەوام لە زیادبووندایە، بەو پێیەی لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا ژمارەی دانیشتووانی جیھان سێ ھێندە زیادی کردووە، ئەمڕۆ ھەشت ملیار کەسی تێپەڕاندووە و بەپێی پێشبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەنگە تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتووانی جیھان بگاتە ئاستی دە ملیار کەس. ھەموو ئەمانە دەبێتە ھۆی فشارێکی زۆر بەتایبەتی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
   
دیاردەی گەرمبوونی جیھان و گۆڕانی کەشوھەوا لە ھۆکارە ڕاستەوخۆکانی بڵاوبوونەوەی دیاردە دژبەیەکەکانی وەک لافاو و ئاگرکەوتنەوە و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەیی بوون. ھەروەھا بووە ھۆی نەمانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەھۆی فراوانبوونی بەبیابانبوون.

 لەم بوارەدا عێراق ھەوڵدەدات بەرنامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون بگرێتەبەر، بەزیادکردنی ئەو ڕووەکانەی کە بەرگەی وشکەساڵی  و شۆرەکات و گۆڕانی کەشوھەوا دەگرن، چەسپاندنی وزەی پاک و نوێبووەوە و پاراستنی فرەچەشنی بایۆلۆجی و گەڕاندنەوەی ھاوسەنگی ژینگەیی و دروستکردنی ژینگەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی ھەمەچەشنکردنی ئابووری و پەرەپێدانی سامانی ڕووەک و ئاژەڵان، ھەروەھا گرتنەبەری شێوازە مۆدێرنەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ.
   
 ئاسایشی خۆراک پەیوەندییەکی نزیکی بە ئاسایشی ئاوەوە ھەیە. ئەمڕۆ بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنین، لەبەر زۆر ھۆکار، گرنگترینیان ڕێگریکردنە لە ھەڵڕژاندنی ئاو بەھۆی ئەو بەنداوە زۆرانەی کە لەلایەن وڵاتانی دراوسێی سەرەوەی ڕووبارەکانەوە دروستکراون و نەبوونی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی یان دوولایەنە لە نێوان وڵاتاندا کە گەرەنتی مافی ھەمووان لە پشکی ئاوی دادپەروەرانە بکات، جگە لە ھۆکارە سروشتییەکانی دیکەی پەیوەست بە کەشوھەوا  وەکو کەمی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.
لەم چوارچێوەیەدا دەبێت ئەوە بیربێنینەوە کە ئەوەی ھۆکاری کەمکردنەوەی ئەم قەیرانە و تێپەڕاندنیەتی، ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە لەلایەن ھەموانەوە، بەپێی پرۆسە ومیکانیزمێکی ھەمەلایەنە بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو بە پێی سیستم و میکانیزمە مۆدێرنەکان، لەگەڵ گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە مەبەستی گەیشتن بە نەخشەڕێگای ھاوبەش لە ڕێگەی زانیاری تەکنیکییەوە و ئاڵوگۆڕی پلانی کارکردنی پەیوەست بە بڕ و کاتەکانی بەردانی ئاوەکان، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی کە مافی ھەمووان لە پشکی ئاوی دادپەروەرانە دابین بکات.
    
 چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو پێویستییەکە ناتوانرێت دەستبەرداری بین  لەپێناوی داھاتووماندا، ئەگەر ڕێژەی ئاوی زیادە بێت، یان  کەم بێت، یان ئاوی زۆر پیس بێت، مەترسییەک دروستدەکات کە بەھۆی گۆڕانی کەشوھەوا خراپتر دەبێت، ئەمەش مەترسی لەسەر ئابووری وڵاتان دروست دەکات و ھاندەری کۆچکردن دەبێت و ململانێکان توندتر دەکات .  


 پێویستمان بە ھەنگاوێکی جیھانییە بۆ بەدەستھێنانی گەشەی خۆڕاگری ئاو و ئاسایشی ئاو. سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی بەدەست ھاتوون، ئێمە دواکەوتووین لە گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام کە پەیوەندییان بە ئاوەوە ھەیە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گەشەپێدانی ھەمەلایەنە ھەیە، بەتایبەتی بەو زانیاریانەی کە ئاماژە بەوە دەکەن تا ساڵی ٢٠٣٠ زیاتر لە یەک ملیار و نیو کەس دەستیان بە ئاوی خواردنەوە ناگات.    
کەرتی ئاو پێویستی بە شێوازی نوێی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنی ئاو ھەیە. پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری، یارمەتی حکومەتەکان دەدات بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کارایی و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو لە جیھانێکدا کە تادێت پشێوی و کەم ئاوی زیاتر دەبێت.
   
 لەراستیدا عێراق تاکە وڵات نییە کە خۆی لەم دۆخە سەختەدا ببینێتەوە، بەو پێیەی ھیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاریگەر نییە لەسەر ئاستێکی بەرفراوان، ھاوشێوەی پەیمانی لەگش و ئوما، کە ئێمە ئاماژەمان پێکرد. بۆیە داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە لەگەڵمان کاربکەن، کە لە پێشەوەیان ڕێکخراوە بەڕێزەکەتان ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیھان، بەو پێیەی ئاو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ کشتوکاڵ و ژیانە.
  
 ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە لە بەرامبەر ئەم ئاڵنگاریە بنەڕەتییە دەستەوستان بوەستین، بەو پێیەی ئاگاداری سەختی دۆخەکەین، ھەروەھا لێکۆڵینەوەکان کە ساڵانێک لەمەوبەر ئەنجاممان داوە دەریانخستووە کە عێراق لە داھاتوودا بەدەست کەمی ئاویەوە دەناڵێنێت.


 بە جددی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کە وڵات وگەلانی دۆستن، کاردەکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە و جێگەی ڕەزامەندی بۆ ھەمووان.  ھەروەھا بەجدی کاردەکەین بۆ سوودوەرگرتن لە ھەر دڵۆپێک ئاو کە دەگاتە زەوییەکانمان، ئەمەش پێویستی بە ھەوڵێکی زۆر دەبێت بۆ کارکردن لەسەر پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، مۆدێرنکردنی شێوازەکانی ئاودێری، و یاسادانان لەبوارەکانی پەیوەست بە کەرتی ئاو بۆ ئەوەی کشتوکاڵ پێگەی بەناوبانگی خۆی بەدەستبھێنێتەوە.ئێمە چاوەڕوانی ھاوکاری زیاترین لەگەڵ ڕێکخراوەکەتان لەم بوارە بنەڕەتییەی پەیوەندی بە ژیان و  ئاسایشی گەلانەوە ھەیە .