سەرۆککۆمار پێشوازیکرد لە عەبدولعەزیز شەممەری باڵیۆزی سعودیە لە عێراق کە نامەیەکی دەستنوسی پاشای سعودیەوە گەیاندە بەڕێزیان .

ناوەڕۆکی نامەکە بریتی بوو لە خواستی شانشینی عەرەبستانی سعودی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیە ھاوبەشەکانی ھەردوو گەلی برا بکەن، ھەروەھا گرنگی ھەماھەنگی ھەڵوێستەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.

 لە میانی دیدارەکەدا سەرۆککۆمار، جەختی کردەوە لە پێویستی چەسپاندنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعودیە و فراوانکردنی ئاسۆی ھاوکاریی بونیادنەر کە خزمەتی بەرژەوەندی ھەردوو وڵات بکات.

لەلای خۆیەوە باڵیۆز ئەلشەمەری جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی تێیدا، ھاوکات ستایشی پێشھاتە ئەرێنیەکانی عێراقی لە بوارە جیاجیا کاندا کرد.