د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی"حەدەس" رایگەیاند، کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد کێشەی سیاسی راستەقینە نەبووە، ئەوانەی پەیوەندییان بە لایەنی جێبەجێکردنەوە ھەبووە چارەسەر کراون، بەشێکی زۆری ئەو کێشانەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسای نەوت و وزە، حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ناوەندیش مەبەستیانە یاسای نەوت و گاز دەربچێت.

وتیشی، ھەرێمی کوردستان وەکو خۆی دەمێنێتەوە و ھیچ ترسێکیان لە سیستمی فیدراڵی نییە.

سەبارەت بە کێشەکانی کەرکوک، سەرۆککۆمارئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کەرکوک گرنگترین شاری عێراقە، بەڵام ھەندێک جار وەکو پێویست کاروبارەکانی کەرکوک بەڕێوەنەبراوە.

سەبارەت بە بۆردومانەکان و سنوربەزاندنەکانی تورکیاش رایگەیاند، تورکیا بە درێژایی کات بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی و عێراق وەک وڵاتێکی سەربەخۆ ئەوە قبوڵناکات، ھیواشی خواست لەگەڵ تورکیاش بگەنە رێککەوتنێکی ھاوشێوەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران.

لەبارەی ھەڵبژاردنی داھاتوو، د. لەتیف رەشید رایگەیاند، لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی داھاتوو ھەڵبژاردێکی پاک و بێگەرد بێت، لەگەڵ ئەوەدانین ھیچ لایەنێکی سیاسی لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن بکشێتەوە.

سەبارەت بە کێشەی ئاویش وتی، پێویستە عێراق وەکو وڵاتێک پشکی داپەروەرانەی خۆی لە ئاو پێبگات، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشدا لە پەیوەندیدان و گەشبینن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەو بارەیەوە.