سەرۆککۆماری عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (حەدس)، کە سەعات ١٠:٣٠ خولەکی ئەمشەو بڵاودەبێتەوە، باسی لە چەندین بابەتی ھەنوکەیی کرد، لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغداد و ئەنقەرەش وتی، عێراق ھەوڵدەدات رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ تورکیا بکات، وەک ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لەگەڵ ئێران ھەیانە، وتیشی، پێویستە تورکیا رێز لە سەروەریی عێراق بگرێت و رەچاوی رەوشی عێراق بکات.

د.لەتیف رەشید راشیگەیاند، تورکیا رۆژانە پێشێلکاری لە ھەرێمی کوردستان دەکات و فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بنکەی سەربازیی لە عێراق ھەیە، ئەوەش جێگەی قبوڵکردن نییە و پێشێلکارییەکانی ئەو وڵاتە کوشتنی خەڵکی مەدەنیی لێکەوتووەتەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان، ٤٥ ساڵ یان زیاترە لە ھەرێمی کوردستان ھەن و بەغداد پێشێلکارییە رۆژانەکانی تورکیا لە سلێمانی و ھەولێر و دھۆک و ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە.