دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆماری عێراق:

برای بەڕێز کاک مەسعود بارزانی

 سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

سڵاوی خودای گەورەتان لێ بێت

بەبۆنەی حەفتا و حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆشحاڵم کە گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان بکەم و لە ڕێگەی ئێوەوە پیرۆزبایی لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و بنەماڵەی شەھیدان و تەواوی ئۆرگانەکان و ئەندامان و پێشمەرگە و جەماوەری حیزبە تێکۆشەرەکەتان و ھەموو گەلەکەمان دەکەم.
لە کاتێکدا دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبیردەھێنیەوە، لەم قۆناغە گرنگەدا لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لەعێراق لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش ھەیە.  
لە پێناوی پتەوکردن و پەرەپێدانی بنەماکانی دیموکراسیەت لە واقیعی عێراقدا و جێبەجێکردنی مادە دەستوورییەکان بۆ دڵنیابوون لە بەدیھێنانی خواست و ئارەزووەکانی گەلی عێراق. ئێمە ئیلھاممان لە گیانی خۆڕاگری و ئەو ویستە بەھێزی حزبە تێکۆشەرەکەتان وەرگرتووە، بە ئامانجی بەدیھێنانی ئاشتی وئارامی و چەسپاندنی سەقامگیری و سەروەری یاسا و مسۆگەرکردنی مافەکانی ھاوڵاتیان و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ژیانێکی شکۆمەند لە کوردستان و ھەموو عێراق.
لەخودای گەورە داواکارین کە حیزبە تێکۆشەرەکەتان بەردەوام بێت لە ڕێبازەکەی لە پێناوی یەکڕیزی گەلی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە و ھیوای تەندروستی و سەرکەوتنی ھەمیشەییتان بۆ دەخوازم .

سڵاو  لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنیدا

نەمری بۆ شەھیدان 


لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆمار