د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووە باسی لەوەکردووە، ھەڵەبجە یەکێکە لە نیشانەکانی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری رژێمی پێشوو، بۆیە وەک رێزێک لە قوربانییەکانی و پابەندبوون بە ڕێکارە یاساییەکان، وەزارەتی پلاندانان نەخشەی گۆڕینی ھەڵەبجەی لە قەزاوە بۆ پارێزگا پەسەندکردووە.

ئەوەشی خستووەتەروو، لەئێستاشدا بە بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و لە چوارچێوەی راگەیاندنی بەپارێزگابوونی، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەکراوە، بۆیە ئومێدەوارە سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی سێیەم و دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە بخەنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.

سەرۆک کۆمار دەشڵێت، مێژووی وڵات و پارێزگای ھەڵەبجە یادی ھەموو ئەو کەسانە بەرز رادەگرێت کە ھاوکاربوون لە سەرکەوتنی ئەو پرۆژە نیشتیمانییە گەورەیە.