لە کۆبوونەوەکەدا د.لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەدا، پێویستە لیژنەکە نوێنەرانی سەرجەم پارێزگاکان لەخۆبگرێت و بەپێویستیشی زانی چەندین ھەنگاوی سەرەتایی بنرێت و لەڕێگەی ئەنجامدانی سیمینار و وۆرکشۆپەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری و دامەزراندنی ژێرخانێکی تایبەت بە چارەسەرکردنی بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکان، پشتیوانییان لێبکرێت.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بە پێویستی بنیادنانی کلتورێکی جددی کرد لەڕێگەی میدیاوە، ھەروەھا باسی لە داواکردنی دامەزراندنی سندوقی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و چارەسەرکردنیانی کرد، لەڕێی پڕۆژەیاسای ژمارە ٥٠ی ساڵی ٢٠١٧، کە کار بۆ پڕکردنەوەی زۆرێک لە کەموکوڕییەکانی یاساکە کراوە و سەرۆکایەتی کۆمار ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووە، ھەروەھا گرنگی پەسەندکردنی راسپاردە راستەقینەکانی روونکردەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی بەردەوام کە پێویستی بە ھەڵوێستەیەکی جددی ھەیە بە کۆنترۆڵکردنی سنورەکان و رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە ماددە ھۆشبەرەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

ئەندامانی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکانیش ئاماژەیان بەوە کرد، کاریانکردووە بۆ دامەزراندنی داتابەیسێک و تاکە لیژنەی تایبەتن بە ماددە ھۆشبەرەکان لە نێو پەرلەمانە عەرەبیەکاندا .راشیانگەیاند، کاردەکرێت بۆ دامەزراندنی چەندین کلینیک لە ھەموو پارێزگاکاندا، بۆ چارەسەرکردنی بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر.