د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی رزگارکردنی موسڵ ئاماژەی بەوەدا، لە رۆژی ئازاکردنی مووسڵدا، ئاھەنگ دەگێڕن بۆ قارەمانێتی ئەو کەسانەی لەپێناو لەناوبردنی چەکدارانی داعش لە مووسڵ خوێنی خۆیان بەخشی و سەرکەوتنیان بەدەستھێنا.

راشیگەیاند، قوربانییە گەورەکانی شەھیدانی ھێزە ئەمنییەکان، بە ھێزی پێشمەرگەوە پیرۆز رادەگرن و پێزانینی خۆیان دەردەبڕن بۆ رۆڵی گەورەی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و فەتواکانیان بۆ ئازادکردنی مووسڵ.

سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت پشتگیرییەکانی وڵاتانی ھاوپەیمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئازادکردنی مووسڵ لەبیرناکەن، کە ھاوکارییان پێشکەشی ھێزەکانی عێراق دەکرد، دەشڵێت، لە رۆژی سەرکەوتندا، دەبێت بەشێوەیەک کار لەسەر یەکڕیزی نیشتمانی بکرێت، فرەڕەنگی نیشتمانی ببێتە فاکتەری ھێز بۆ گەلی عێراق لە ھەلومەرجێکدا، کە خواستەکان تێیدا یەکدەگرن و ھەستی نیشتمانی بەھێزتر دەبێت لەبەرانبەر دووبەرەکیدا .

ئاماژەی بەوەشدا، باشترین  شتێک کە دەکرێت پێشکەشی شەھیدانی ئازادکردنی مووسڵ بکرێت، لە کاتێکدا کە عێراق لە ڕەوشێکی ئاسایش و ئارامیدا دەژین، کارکردنە بە ئیرادەیەکی یەکگرتوو لە پێناو بەردەوامبوون لە بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی، کە بەڕێزە لەلای ڕۆڵەکانی و تۆکمەیە بەڕووی دوژمناندا.