د.لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێشھاتەکانی سودان کەبوونەتە ھۆی گیانلەدەستدانی ھاوڵاتیان و زیانگەیاندن بە دامەزراوەکان و لەباربردنی دەرفەتەکانی بەردەوامبوون لە بونیادنان و پێشکەوتنی دیموکراسی و ئاشتییانە مایەی نیگەرانییە، بەڵام متمانەی تەواویان ھەیە سودان دەتوانێت بە دیالۆگی ئاشتییانە و دیموکراسی ئەو قەیرانە تێپەڕێنێت و جەنگ و کردەوە چەکدارییەکان رابگرێت.

راشیگەیاندوە، داوا دەکەن لە سودان پشت بە بنەماکانی دیموکراسی ببەسترێت بۆ باشترکردنی دەرفەتەکانی دیالۆگ بە شێوەیەک ژیان و ئاشتی و دادپەروەری بپارێزێت، جەختیشیکردوەتەوە عێراق ئامادەیە بۆ ھەوڵدان و ھاوکاریکردنی سودان لە پێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتەکان بۆ گفتوگۆی بونیادنەرانە بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە سەرکەوتنی لۆژیکی ئاشتی و بەھێزکردنی ئاراستەی دیموکراسی.