د.لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا پیرۆزبایی لە دامەزراندنی گروپەکە کرد وھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان.

سەرۆککۆمار باسی لە پێویستی پەرەپێدانی سیستەمی بانکی و کەمکردنەوەی رۆتین کرد، ھاوکات ئاسانکاری بکرێت بۆ ڕێکارەکانی بانکی پەیوەست بە وەبەرھێنان و جوڵەی سەرمایە، سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پشتیوانی و ھاندانی کەرتی تایبەت لە پێناو باشترکردنی ئاستی ژیانی ھاووڵاتی و پشتگیریکردنی کارگە و بازرگانان و خاوەنکارەکان.

 لای خۆیانەوە ئەندامانی شاندەکە باسیان لە کارەکانی گروپەکەیان کرد، لە پارێزگا جیاجیاکان و دووپاتیان کردەوە کە پشت بەبنەمای ئیسلامی دەبەستن لە کارەکانیاندا و ئاماژەیان بەوەکرد، کە بانکە ئیسلامییەکان تا ساڵی ٢٠١٥ گرفتی نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە خۆیانەوە ھەبوو.

جەختیشیان لەوە کردەوە، کە کاردەکەن بۆ ھاندانی ھاووڵاتیان بۆ دانانی پارە و مامەڵەکردن لەگەڵ بانکەکان، ھەروەھا بوونی یاسایەک بۆ وەبەرھێنەر جێگەی بایەخە، وەک ئاماژەیان بەوەدا کە بانکە تایبەتەکان کاردەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری نرخی دینار لە بازاڕدا، ھیوایان خواست کە یاسای کۆکردنەوەی قەرزی حکومەت ھەمواربکرێتەوە.