د. لەتیف رەشید ، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و بەشێک لە ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەکردووە، دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز زامنی ئەوەدەکات کە عێراقییەکان بە یەکسانی و دادپەروەری  سودمەندبن لە سامانی نیشتمانی خۆیان کە موڵکی گەل و نەوەکانی داھاتووە، ھەروەھا دەبێتە پاڵپشتێک بۆ زیاتر بە پیشەسازیکردنی نەوت و غاز.

لای خۆیەوە سەرۆک و ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیانکردەوە لەوەی کاردەکەن بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز کە ساڵانێکە لە ئەنجومەنی نوێنەران راگیراوە و خواستێکیش لەنێو زۆربەی پێکھاتەکاندا ھەیە بۆ تێپەراندنی.

ھاوکات سەبارە بە دۆسیەی ئاویش، سەرۆککۆمار کە ھەفتەی رابردوو بەشداری کۆنفرانسی ئاوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە نیویۆرک کرد، وتی، مەترسییەکانی کەمبوونەوەی ئاو کاریگەری لەسەر ژیان و بژێوی ھاوڵاتیان بە گشتی دروستکردووە، بۆیە لە کۆبوونەوەکەدا وڵاتان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر کەمی ئاو و گۆڕانی کەشوھەوادا پشتیوانی عێراق بکەن.