خاوەنشکۆ و ڕێزداران
خوشک و برایان
 جەژنی نەورۆز لە هەموتان پێروزبێت

ئاو بریتیە لە شادەماری ژیان و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە و هۆکارێکی گرنگ و ڕونە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری. عێراق لە سوتماکی شەڕەوە هەنگاودەنێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئاوی مەترسیدار ببێتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو کاردانەوە ئاڵۆزانەی کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا و ئەو سیاسەتە ئاوییانەی وڵاتانی دراوسێ پەیڕەوی دەکەن.
قەیرانی ئاو لە عێراق کاریگەری راستەقینەی لەسەر ژیان و گوزەرانی کەرتی کشتوکاڵی عێراق و دانیشتوان بە گشتی دروستکردوە، ئەمە جگە لەوەی لەو ئەنجامەدا دەرفەتی کار کەمبووەتەوە و کۆچ و ئاوارەبوون بە ڕێژەیەکی مەترسیدار زیادیکردوە، بەو پێیەی مەترسیی هەرە گەورە پێکدەهێنن بۆ ئاسایشی خۆراک و هەمەجۆریی ژینگەیی. کەمی ئاو ئاسایشی خۆراک و تەندروستی دەشێوێنێت، سیستەمی کشتوکاڵی خۆراک و ژینگە و سەقامگیری کۆمەڵایەتی دەخاتە بەردەم مەترسی گەورە ئەگەر هەنگاوی  بەپەلە لەوبارەیەوە نەنرێت. بۆیە پێویست بووە ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و کەمکردنەوەی ئاستی ئەم مەترسیانە بە دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و ژیرانە و کارکردنی بەردەوام لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
لە سەدەی ڕابردوودا عێراق چەندین وشکەساڵی پچڕپچڕی بەخۆوە بینوە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم قۆناغانەی وشکەساڵی زیاتر ڕوو بەڕووی وڵات بونەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
یەکەمین شارستانیەتی سۆمەری و بابلی و ئاشووری لە کەناری ڕووباری دیجلە و فورات هەزاران ساڵ لەمەوبەر سەریهەڵدا. بە ملیۆنان عێراقی ئەمڕۆ، تا ڕادەیەکی زۆر، پشت بە سەرچاوە ئاوییەکانی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات دەبەستن بۆ بژێوی ژیان و کارەکانیان، کە بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و سیاسەتی ئاوی وڵاتانی خاوەن سەرچاوەی ڕووبارەکانەوە مەترسییان لەسەرە.
بێ گومان ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بڕبڕەی پشتی ژیانن لە عێراقدا و زۆنگاوەکان ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن لە پاراستنی شارستانیەتی مرۆڤایەتی بەو پێیەی لایەنێکی سەرەکین لە پەرەپیدانی بەردەوامیی ژیان لە وڵاتدا، و هەمیشە فاکتەری سەرەکی بوون بۆ پاراستنی هاوسەنگی ژینگەیی نەک تەنها لە عێراق بەڵکو لە سەرانسەری ناوچەکەشدا.
هۆکاری زۆر هەبووە کە بۆتە هۆی شکستی عێراق بە چەند دەیەیەک دواکەوتوە لەگەڵ گەشەسەندنی جیهانیدا، لەوانە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەرئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرچاوی هەڵڕژانی ئاو لە وڵاتانی خاوەن سەرچاوەی ئاوی رووبارەکان، هەروەها بەکارنەهێنانی شێوازە تەکنەلۆژییە مۆدێرنەکان لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، جگە لەو بێباکییە سیاسییەی ڕژێمی پێشوو بەرامبەر بە زانست و ئەندازیاری نیشانی دا بە (12) ساڵ گەمارۆدان و سزای ئابووری و ململانێی یەک لە دوای یەکەکان کە ئەو دەرئانجامەی لێکەوتەوە.
خراپتربوونی ئەو قەیرانە ئاوییەی کە ئەمڕۆ عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت، دەگەڕێتەوە بۆ سودوەرنەگرتن لە دەرفەتەکانی تەکنەلۆژیای سەردەم، بێ باکی لە پەرەپێدانی سیستەمی ئاودێری و شکستهێنان لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ لە ئێستادا.

عێراق قورسایی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و بارودۆخی سەختی کەشوهەوا لە ئەستۆ دەگرێت، لەوانە لافاو و وشکەساڵی و زریانی خۆڵبارین و پلەی گەرمی بەرز و ئەم دیاردە سروشتیانەش کە لەدەرەوەی کۆنترۆڵی ئێمەن، هاوکات لەگەڵ خراپی ژێرخانی ئابووری و خراپی بەڕێوەبردنی ئاو و خراپ بەکارهێنانی ئاوی ڕووبارەکان ، بەتایبەتی دیاردەی دروستکردنی گۆماوی بەخێوکردنی ماسی و بەفیڕۆدانی ئاو، جگە لە کەمبوونەوەی هەڵڕژانی ئاستی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بەهۆی کەمی ڕێژەی هەڵڕژانی ئاو لە وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەوەی ببنە هۆکاری ئەوەی عێراق ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی ئاو بێتەوە لە مێژووی هاوچەرخیدا.  
پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دەیەی داهاتوودا پێویستی عێراق بە ئاو زیاد بکات لە ئەنجامی زیادبوونی دانیشتوان و زوو گەشەسەندنی ئابووری لە وڵات و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، جگە لەوەش داهاتی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و لقەکانیان بەردەوامە لە دابەزین ڕێژەی ئاو لەسەرچاوەی ئاوی رووبارەکانەوە.
خراپتربوونی وشکەساڵی وڵاتەکەمان ئاستەنگێکی جددی بۆ بژێوی هاووڵاتیان و ئابووری دەوڵەت دروست دەکات، بەڵام کاریگەری قورسیش دەخاتە سەر ژیان و ژینگەی ناوچەکە بە گشتی و تەنانەت لەسەر بچووکبوونەوەی ئاستی سەوزایی لە جیهاندا.
لێرەدا بەوپەڕی ئازارەوە ئەوە دەخەمەروو کە نزیکەی لەسەدا چل ڕووبەری وڵاتەکەمان مەترسی بیابانبوونی لە کاتێکدا کە یەکێک بووە لە بەپیتترین و بەرهەمدارترین زەوییەکانی ناوچەکە.
ئێمە زۆر پێویستمان بە هاوکارییەکی بەرفراوانتر هەیە کە چاوەڕوانین لە دەسەڵاتی ئاو و سیاسی وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت لە برایانی تورک. بۆیە پێویست بووە لیژنەیەکی هەمیشەیی لەو بارەیەوە پێکبهێنرێت کە شارەزایانی تەکنیکی و یاسایی لەخۆ بگرێت، هەروەها ڕێککەوتنی ناوچەیی لەسەر ئاستی ناوچەکە بکرێت،  هەروەها گرنگە دڵنیابین لەوەی کە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی پرۆسەکە بەچاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت، هەروەها دڵنیابوون لەوەی کە ڕێکارەکانی کارکردن لە کاتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێن و پشکی پێویست و دادپەروەرانەی ئاو بۆ هەموو لایەنەکان مسۆگەر بکرێت. 
جگە لەوەش، عێراق وەبەرهێنان لە بەرنامەکانی توێژینەوە دەکات کە بەرژەوەندییەکانیان لەسەر چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی کەمی ئاو چڕ دەکاتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی، گۆڕانی کەشوهەوا، بڕی و کوالیتی هەڵڕژانی ئاوی سەروی رووبارەکان، و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاستی کشتوکاڵیی.
دەسەڵاتداران سەرنجیان لەسەر نۆژەنکردنەوە و دروستکردن و بەڕێوەبردن و چاککردنەوەی وێستگەکانی پەمپکردنی ئاو لە سەرتاسەری وڵاتدا چڕدەکەنەوە، هەروەها کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی سیستەمی ئاودێری و پاکوخاوێنی لەڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سیستەمی ئاودێری مۆدێرن بۆ باشترکردنی بەکارهێنانی ئاو و کەمکردنەوەی نەرێنییەکان کە لە ئەنجامی قەیرانی ئاوەوە دروست بوە.
هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیان لە زۆنگاوەکانی عێراق گرنگییەکی بە بڕشتیان هەیە، جگە لە بونیادنانی ژێرخانی پێویست، دابینکردنی چاودێریکردنی ژینگە، دەستەبەرکردنی ئاوی پێویست لە ڕووی کوالیتی و چەندایەتییەوە بۆ پاراستنی جۆراوجۆری، دابینکردنی پاڵپشتی پێویست بۆ پیشەسازییە نامۆدێرنەکان و بەهێزکردنی ئابووری ناوخۆیی.
لە هەوڵەکانیدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو، حکومەتی عێراق ئامانجی دروستکردن و نۆژەنکردنەوە و بەڕێوەبردن و پاراستنی بەنداوی گلدانەوە، بەربەستەکان، گۆلەکانی ئاو و سیستەمی دابەشکردنی ئاوە، لەوانە دامەزراوە هایدرۆلیکییەکان کە بەکارهێنانی ئاوی ڕووبارەکان ڕێکدەخەن. هەروەها حکومەت ماندوو نەناسانە کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم دووفاقییە بە فراوانکردنی ڕەوتی ڕووبار و دەریاچە و ڕێڕەوی ئاوی گەورە بە بەکارهێنانی ئامێری کۆنکرێت. جگە لەوەش دروستکردنی بەنداوی نوێ لە هەرێمی کوردستان و لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراق.
ئێمە ڕێوشوێنی بەهێزتر جێبەجێ دەکەین بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی ژینگە و جۆراوجۆری و ئیکۆسیستەمی پەیوەندیدار، هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە بیابانبوون لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم دیاردە مەترسیدارە.
هۆکارەکانی کەشوهەوا وەک وشکەساڵی بەردەوام و زریانی خۆڵبارین و پلەی گەرمی بەرزی ئەم دواییە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئێمەیە. بۆیە پێویستە ئێمە ڕێوشوێنی خۆپارێزی پێویست بگرینەبەر کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەم بکاتەوە، جگە لە دروستکردنی ژێرخانی پێویست بۆ کۆکردنەوە و هەڵگرتنی زۆرترین ڕێژەی ئاوی باران.
جگە لەوەش پێویستە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بکرێت بە ڕێککەوتن و جێبەجێکردنی ئەرکەکان، بە شێوەیەک کە زامنی پشکێکی دادپەروەرانە و تەواو بۆ هەموو لایەنەکان بکات، بەتایبەتی لە وەرزی کشتوکاڵدا. 
عێراق پلانێکی کارکردنی لەبەردەستدایە پەیوەست بە بەڕێوەبردنی ئاو بۆ پاشەکەوتکردنی ئاو دادەڕێژێت و جێبەجێی دەکات، لەوانە باشترکردنی ژێرخانی ئابووری، وەرگرتنی سیستەمی ئاودێری هاوچەرخ و مۆدێرنکردنی کەرتی کشتوکاڵیش بە هەمان شێوە، هەروەها گرنگیدانی جددی بە پەرەپێدانی چوارچێوەی یاسایی گونجاو سەبارەت بە ئاو بەڕێوەبردن و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی.
داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین ڕێوشوێنی جددی بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و چالاککردنی هاوکاری لە بواری هەڵڕژانی ئاولە سنوورەکانەوە، بەمەبەستی دڵنیابوون لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاو.
 سوپاس.