سەرۆک کۆمار لە کۆشکی بەغداد، چاویکەوت بە حسین ئەمیرعەبدوڵاھەیان وەزیری دەرەوەی ئێران ، بانگھێشتنامەیەکی لەلایەن ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە پێگەیشت بۆ سەردانیکردنی تاران.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە، عێراق و ئێران وەک دوو دراوسێ پەیوەندی مێژوویی ، رایەڵەی ھاوبەش پێکەوەگرێیداون، دەتوانن رۆڵیان ھەبێت لە بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

ھەروەھا سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە ھەڵوێستەکانی ئێران، وەستانی لە پاڵ گەلی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەکان، پشتیوانیکردنی گەلی کورد دوای کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفال و دواتریش لە جەنگی دژ بە گروپی تیرۆریستی داعش.

لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە لە ھەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردنی ھەوڵەکانی عێراق لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.