لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندەکەدا، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیکرد لە "ئۆدیلە رینۆ باسۆ" سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.

 لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بانکی ئەوروپی، بەتایبەت سەبارەت بە ھەمەچەشنکردنی ئابوری و زامنکردنی سەقامگیرییەکەی، ھەروەھا رەخساندنی ھەلومەرجی گونجاو بۆ پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئابوری بەردەوام کە گرنگە بۆ ئاسانکارییکردن لە رایکردنی کاروبارەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرھێنانی کاریگەر. ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق خاوەنی ویست و توانا و وزەیە بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانێکی نیشتمانی.

سەرۆک کۆمار داوای ھاوکاری نێودەوڵەتی کرد بۆ پاراستنی جووڵەی بازرگانی خۆراکی جیھانی و رێگریکردن لە پەککەوتنی بە شێوەی زنجیرەیی، بە شێوەیەک کە ئاسایشی خۆراکی جیھانی پەرەپێبدات.
 لە بەرامبەردا سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە بایەخەوە باسی لە  پەیوەندی بانکی ئەوروپی لەگەڵ عێراق کرد و سەرکەوتنی ھەوڵەکانی عێراقی بۆ بەدیھێنانی چاکسازیی ئابوری بەرزنرخاند.

ھەر لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس، سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە خاتوو "نەگلا بودین" سەرۆک وەزیرانی تونس. لەو دیدارەشدا، باس لە پەرەپێدانی ھاریکاری و چالاکی گەشتیاری ھەردوو وڵات و سود وەرگرتن لە دامەزراوە گرنگەکانی گەشتیاری لە عێراق و تونس کرا، ھەروەھا پێشھاتە سیاسییەکانی گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تاوتوێکرا.

 سەرۆک کۆمار رایگەیاند عێراق بە قۆناغێکی پێشکەوتن و گەشەسەندندا تێدەپەڕێت و پڕۆژەی ستراتیژی و گەشەپێدان ھەیە بە مەبەستی باشترکردنی بواری خزمەتگوزاری و تەندروستی و پەروەردەیی بۆ عێراقییەکان.