لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بانکی ئەوروپی کردەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە ھەمەچەشنکردنی ئابووری و بەرزکردنەوەی سەقامگیرییەکەی، ھەروەھا ڕەخساندنی ھەلومەرجی گونجاو بۆ گەیشتن بە گەشەسەندنی ئابووری بەردەوام و دابینکردنی ژینگەیەکی باش بۆ وەبەرھێنانی کاریگەر.

د.لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق خاوەنی ئیرادەیە، و توانا و وزەی ھەیە بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانێکی نیشتمانی گشتگیر، ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە پێشخستنی گەشەپێدانی ناوخۆیی بەردەوام لەڕێگەی بنیاتنانی ھاوبەشی ستراتیژیی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە ئەنجام دەدرێت.

لە بەرامبەردا سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان شانازیی بانکەکەی بە پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ عێراق دەربڕی و  ستایشی سەرکەوتنی ھەوڵەکانی عێراقی بۆ بەدیھێنانی چاکسازیی ئابووری کرد، ھەروەھا جەختی لەسەر پەرۆشی بانکی ئەوروپا کردەوە بۆ پەرەپێدانی ھاریکاری ھاوبەش لە ئاستە جیاجیاکاندا.