لە دیدارەکەدا دوایین پێشھاتە سیاسی و ئە منییەکانی عێراق تاوتوێ کرا، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، لە گرنگی یەکخستنی ھەوڵ و دیدگاکان بۆ وەستان بەرامبەر ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەرووی عێراقیەکان دەبێتەوە، ھاوکات باس لە ناکۆکی و لێکتێنەگەیشتنی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرا و تەئکیدکرایەوە لە گرنگیدان بە چارەسەرکردنی کێشەکان بە جۆرێک کە بەرژەوەندی ھاووڵاتیانی ھەرێم کاری لە پێشینە بێت لە ھەموو ئاستە جیاجیاکاندا، بەتایبەت بڕیارەکانی حکومەت کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە بژێوی و ژیانی ھاونیشتمانیان ھەیە.

د. لەتیف رەشید بە پێویستی زانی بەرژەوەندی نیشتمانی بخرێتە سەروو ھەموو کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و چارەسەری یەکلاکەرەوەیان بۆ بدۆزرێتەوە بەگوێرەی دەستوور و یاسا،  ھەروەک جەختیکردەوە لە گرنگی پەسەندکردنی پڕۆژەی یاسای نەوت و گاز بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و ھێنانەکایەی شەفافیەت لە دابەشکردنی سەروەت و سامان لەنێوان عێراقییەکاندا.

لە بەرامبەردا سەرۆکی حکومەتی ھەرێم جەختیکردەوە لە سەر پێویستی ھێنانەکایەی دیالۆگی جددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھێزە سیاسییەکان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە یەکڕیزی نێوان عێراقیەکان بپارێزێت و خواستەکانیان بەدیبێنێت.