سەرۆک کۆماری عێراق لە شوێنی مانەوەی لە داڤۆس چاوی کەوت بە سوڵتان ئەحمەد بن سەلمان سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری  کۆمپانیای دوبەی بۆ بەندەرە جیھانییەکان و سوھێل بەنا ئەندامی کۆمپانیاکە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا.

لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەیدا بە پاشەکشێی ژێرخانی ئابوری عێراق لە دەرئەنجامی جەنگ و ململانێکان و  پێداگری حکومەتی ئێستای دووپاتکردەوە بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان لە سایەی سەقامگیری ئەمنی و ئابوری.

رونیشیکردەوە، بوارێکی زۆری کارکردن و دەرفەتێکی بێشومار ھەیە بۆ ئەو وەبەرھێنەرانەی دەیانەوێت لە عێراق کاربکەن، لەو ڕوەوە دووپاتیکردەوە، عێراق ژینگەیەکی لەبارە بۆ پێشەنگی کارەکان، بەو پێیەی خاوەنی وزە و توانایەکی گەورەیە بەراورد بە وڵاتانی تر.

سەرۆک کۆمار راشیگەیاند، عێراق دەخوازێت ھەماھەنگییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا جیاوازەکان بەھێز بکات بۆ پەرەپێدانی کاری وەبەرھێنان و بازرگانی و بونیادنانی ھاوبەشی ستراتیژی و کاراکردنی رۆڵی ئابوری، جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی کۆڕبەندی داڤۆس بۆ رەخساندنی دەرفەتەکانی وەبەرھێنان.

لای خۆشییەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای دوبەی بۆ بەندەرە جیھانییەکان، خواستی خۆی پیشاندا بۆ دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازی گەورە لەو شوێنانەی دەرفەتی وەبەرھێنان ھەیە، خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بە پێشکەوتنەکانی عێراق بەتایبەت لە ھەرێمی کوردستان کە نمونەییە و دەکرێت چاوی لێبکرێت.