بە بەشداری زیاتر لە ٢٥٠٠ سەرکردە و نوێنەری وڵاتان و سەرمایەداران و کەسایەتییە جیھانییەکان،  ٥٣یەمین کۆڕبەندی ئابوریی جیھان ناسراو بە "داڤۆس" بە ناونیشانی (ھەماھەنگی لە جیھانێکی پەرتەوازەدا) لە سویسرا ئەمشەو دەستپێدەکات و تا ٢٠ی مانگ بەردەوام دەبێت.

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق بۆ بەشداری لە کۆڕبەندەکە گەیشتە داڤۆس و لە ڕۆژانی کۆڕبەندەکەدا، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتانی جیھان و سەرۆکی دامەزراوە ئابوورییە جیھان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک و گەیاندنی وێنەی ڕاستەقینەی ئەو سەقامگیرییە ئەمنی و ئابوورییەی کە عێراق بەخۆیەوە بینیوە، کە کەشێکی گونجاوە بۆ ڕاکێشانی وەبەرھێنان کە یارمەتی عێراق دەدات لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ھاووڵاتیان.

تەوەری سەرەکی کۆڕبەندی ئەمساڵ گفتوگۆکردن دەبێت لەبارەی، قەیرانی خۆراک و وزە و ھەڵئاوسان و سستی گەشەی ئابوری-پیشەسازی و رۆڵی کەرتی تایبەت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و مەترسیە جیۆسیاسییەکان.