چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان سەبارەت بە دوایین پێشھاتەکانی رەوشی عێراق ئەنجامداوە.

لە کۆبوونەوەکەشدا رەوشی ئەمنی و رێگریکردن لە پەلاماری تیرۆریستی تاوتوێکراون و "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراقیش کە لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوو رێکارەکانی ھێز و دامەزراوە ئەمنییەکانی لەوبارەیەوە خستەڕوو. 

لە راگەیەندراوەکەدا داوایان لە د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق کردووە رەزامەندی دەرببڕێت لەسەر سزای لەسێدارەدان کە بۆ ئەو تاوانبارانە دەرچووە کە خوێنی عێراقییەکانیان رشتووە. 

جەختیشیانکردەوە لە پشتیوانیکردنی ھەنگاو و رێکارەکانی حکومەت بۆ ئەنجامدانی خزمەتگوزاری، بە تایبەت بۆ ھەژاران. 

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، چوارچێوەی ھەماھەنگی وەرزی نوێی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان تاوتوێکرد و جەختیانکردەوە لەسەر گرنگی یاسای ھەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆن و نەوت و غاز و بودجە، داواشیانکرد بە پەلە لیژنەکانی ئەنجومەنەکە یەکلابکرێنەوە.