ئەمرۆ سەرۆک کۆمار بە یاوەری وەزیرانی رۆشنبیری و پەروەردە و  ژینگە و کۆچ و کۆچبەران و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق گەیشتە موسڵ و لەگەڵ پارێزگار و یەکە ئیداریی و ئەمنییەکان و پەرلەمانتارانی پارێزگاکە کۆبووەوە و دوای گوێگرتن لە ڕوونکردنەوەیەکی نەجم جبوری پارێزگار سەبارەت بە دۆخی پارێزگاکە و ئاستەنگییەکانی بەردەم پێشخستنی دۆخی شارەکە لە رووی خزمەتگوزاری و بواری ئەمنی و ئابوری، لەوتەیەکدا جەختیکردەوە لە پێویستی خستنەگەری ھەوڵی ھەموو لایەنە پەیوەندییدارەکان بۆ بوژاندنەوەی شارەکە لە رووی ئابوری و ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانەوە. 

وتیشی، موسڵ توانای تێپەڕاندنی قۆناغە تاریکەکانی سەردەمی چەتەکانی تەکفیری ھەیە و دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ پێگە و دۆخی پێشووی خۆی و کێشەکانی چارەسەربکرێت و پەرە بە سەقامگیری ئەمنی و یەکڕیزی دانیشتووانەکەی بدرێت.

دواتریش سەرۆک کۆمار سەردانی خانەی بەساڵاچووان و بێسەرپەرشتان و زانکۆی موسڵی کرد و کۆمەڵێک کتێبی پێشکەش بە زانکۆکە کرد.