د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد کۆبونەوە، بە پێی راگەیەنراوێکی کۆبونەوەکەش پرسی ئاوارەکان و رەوشی ژیانیان لە نێو کەمپەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، ھەردوولاش ڕێککەوتن لەسەر پێویستی کاری ھاوبەش بۆ باشترکردنی رەوشی ژیانیان بۆ گرەنتیکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

ھەردوولا پشتیوانی ھەنگاوەکانی حکومەتی عێراقیان کرد لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی، کە ئامانج لێی دابینکردنی خزمەتگوزاریی و پێداویستی زیاتری ھاووڵاتیانە، پرسی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێش تاوتوێکرا و جەخت لەسەر ھەوڵە ھاوبەشەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری و سەروەری عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرایەوە.

لەبارەی پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمیش، جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پەسەندکردنی دیالۆگی بنیاتنەر و پەلەکردن لە چارەسەرکردنی پرسە ھەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستوور.