نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک کۆمار بڵاویکردەوە، ئەمرۆ  د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار لە کۆشکی سەلام چاوی کەوت بە بلقاسم مەحمودی باڵیۆزی جەزائیر لە بەغداد، لە دیدارێکدا باڵیۆزی جەزائیر نامەیەکی پیرۆزبایی عەبدولمەجید تەبون سەرۆکی وڵاتەکەی رادەستی سەرۆک کۆمار کرد بەبۆنەی ھەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆماری عێراق و ھیوای سەرکەوتنی بۆخواست لە بەدیھێنانی ئەوەی عێراقییەکان چاوەڕیی دەکەن لە سەقامگیری و پێشکەوتن .

ھەر ئەمرۆ سەرۆک کۆمار چاوی کەوت بە عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی ، لەدیدارێکدا حەکیم پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆمار کرد بەبۆنەی ھەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆمارو ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا.

ھەر لە کۆشکی سەلام سەرۆک کۆمار چاوی کەوت بە کریستیان ریچەر یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتوەکان  بۆ بەھێزکردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی گروپی تیرۆریستی داعش (یونیتاد).

لە دیدارێکدا  یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە سەرۆک کۆمار کردوو ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە خزمەتکردنی گەلی عێراق و بەدیھێنانی سەقامگیری و پێشکەوتن، جەختیشیکردەوە لەسەر سوربوونی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەھێزکردنی ھەماھەنگی لەگەڵ عێراق و پشتیوانیکردنی ھەموو ھەوڵێک بۆ لێپرسینەوە تاوانی تیرۆریستانی داعش و کارکردن بۆ بەڵگەکردنیان.

لە دیدارێکی تریشدا سەرۆک کۆمار چاوی کەوت مارک برایسۆن ریچاردسۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغداد، سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی رووبەریھەماھەنگی دوو قۆڵی کە خزمەت بەخواستەکانی ھەردوو وڵات بکات لە پەرەوپێشچوون و گەشەکردن.