لە ساڵی 2003 لەگەڵ ئان کلوید پەرلەمانتاری پێشووی بەریتانیا لەسەر گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە نزیك بەغداد وەستابووم، ئەو شوێنەی کە هەزاران کەس لەلایەن رژێمی سەدام حسێنەوە کوژرابوون، لە نێو ئەو تاوانەدا یەك وێنە بۆ هەمیشە لە یادمدا مابووەوە ئەویش قژی منداڵێك بوو کە بە قردێلەیەکی سور بەسترابوو و بە قوڕ داپۆشرابوو، ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە نزیکی ئەلمەحاویل بوو کە بەیەکێك لە گەورەترین گۆڕی بە کۆمەڵ دادەنرێت لە دوای روخانی رژێمی سەدام حسێنەوە کە زیاتر لە 15 هەزار کەس لەو گۆڕە بە کۆمەڵە دۆزرانەوە. 

هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە بیرهێنانەوەیەک بوو بۆ ئەو تاوانە وەحشیگەرییە کە لە عیراق رویداوە لەگەڵ خەم و پەژارەی کەسوکاری ئەفالکراوان کە بە دوای وەڵامی ئەنفالکراوانیاندا دەگەڕان.

دوای دوو دەیە، جارێکی تر لە بیابانی تەلشێخە لە قەزای سەماوەی پارێزگای موسەنا لەسەر گۆڕێکی بەکۆمەڵ خۆم بینییەوە کە روفاتی 100 ژن و منداڵی کوردی تێدابوو کە قوربانی پرۆسەی ئەنفال بوون، لە ماوەی چەند مەترێکدا سێ گۆڕی بە کۆمەڵی تر دۆزرانەوە و دەستنیشان کراون کە پێدەچێت قوربانی ئەنفال بن و ئەمەش دەبێتە یەكێك لە گەورەترین شوێن کە گۆڕی بە کۆمەڵی تێدا بێت، ئەم دۆزینەوەیە بەڵگەیەکە لەسەر دڕندەیی شاڵاوە قڕکەرەکانی سەدام حسێن و بانگەوازێکە بۆ رێزگرتن لە کەسوکاری قوربانیان

پشکنینە سەرەتاییەکانی پزیشکی دادوەری لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان وێنەی ترسناكی ساتەکانی کۆتای قوربانیان ئاشکرا دەکەن. بەڵگەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە قوربانیەکان لە دوولاوە تەقەیان لێکراوە و لە سەرەوە جارێکی تریش تەقەیان لێکراوەتەوە، روفاتەکان پیشانمان دەدەن کە گەورەکان بە جەستەیان هەوڵێکی بێهیوایان داوە بۆ پاراستنی منداڵەکان لە گوللـە.

پرۆسەی جینۆسایدی ئەنفال یەکێکە لە تاریکترین بەشەکانی مێژووی مۆدێرنە، بەپێی سەرچاوەکان 182 هەزار کورد و ئاشوری و شەبەك و تورکمان و ئێزدی لەناوبران و 4500 گوندیش رووخێنراوە، لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا لە ساڵی 1988 رژێمی بەعس هەڵمەتێکی قڕکردنی دژی کوردەکانی عیراق دەستپێکرد بە بیانوی دامرکاندنەوەی شۆڕشەکەیان، کە بووە هۆی ئاوارەکردن و کوژرانیان، ئەمڕۆ دەنگی قوربانیەکان هاواری یەکسانی و دادپەروەری دەکات، بەڵام رێگای دادپەروەری خێرا و ئاسان نییە، لە ساڵی 2019ەوە تەنیا دوو گۆڕی بەکۆمەڵی گەورە دۆزراونەتەوە وهەڵدراونەتەوە و ژمارەیەکی بێشوماری تری قوربانیان لە ژێرخاکدا حەشاردراون. پرۆسەی کنەو پشكنین و ناسینەوە و هاوتاکردنی پشکنینی دی ئێن ئەی ورد و ئاڵۆز و پێویستی بە کاری شارەزایی ورد و هەوڵی بێوچان هەیە.

بۆ یەکەمین جار پرۆسەی ناسینەوەی ئەنفالکراوەکان بەشێوەیەکی رەسمی بە هاوبەشی لەگەڵ پزیشکانی وەزارەتی داد و لیژنەی نێودەوڵەتی ونبوان و دەزگای شەهیدان و پزیشکی داد و چەند شارەزایەك بەڕێوەدەچێت و نوسینگەکەمان سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات. 

تا ئێستا 1200 نمونەی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە کەلار و چەمچەماڵ و کۆیە وەرگیراوە لە کۆری 1600 خێزان کە خۆیان بۆ پرۆسەکە تۆمارکردووە.

سەرەڕای ئەم ئاڵنگاریانە کاری لە پێشینەمان گەڕاندنەوەی روفاتەکانە بۆ کەسوکاریان و بەشێوەیەکی شەرەفمەندانە بە خاکبسپێردرێن و دڵنەوایی بکرێن و ئەوەش بزانرێت کە قوربانیدانیان بۆ ئازادی لەبیرنەکراوە

عیراق تەنیا نییە لەو بابەتە ترسناکەدا، بەم دواییانە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە نزیك دیمەشق لە سوریا دۆزرایەوە کە روفاتی هەزاران قوربانی رژێمی بەشار ئەسەدی تێدابووە. ئێستاش سوریا بە هەمان شێوەی عیراق دووچاری ئازارێك بووەتەوە بۆ ناسینەوەی قوربانیەکان و پاراستنی بەڵگەکان و بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ کەسوکاری قوربانیەکان.

ئەو ئەرکە بێ بەربەست نییە، بەربەستی سیاسی بووەتە رێگر لە پێشکەوتنی عیراق، بەڵام وەک چۆن بەڵێنم بە کەسوکاری قوربانیان داوە کە کەمتەرخەم نابین لە هەوڵەکانمان، ئەو کارە لە کۆتاییەوە نزیك نییە و پێویستە ئەو شوێنانە وەکو شایەتحاڵ بپارێزرێن و ببێتە یادگارێک بۆ نەوەی داهاتوو، سەبارەت بە دەرەنجامی ستەمکاری

وانەکانی جینۆسایدی ئەنفال لە دەرەوەی عیراق دەنگدەداتەوە، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دەرخەری ئازاری گەلانێكن کە ترسێنراون بە توندوتیژی و ستەمکاری کە رژێمەکان خاکەکانیان لێکردونەتە گۆڕستانێکی بێدەنگ. لێپرسراوێتی بە کۆمەڵمان ئەوەیە کە پارێزگاری لە مێژوو بکەین و کاربکەین بۆ دوبارە نەبوونەوەی ئەو کارەساتە دڕندانەیە.

کاتێك لە بیابانی تەلشێخە وەستابووم هەستم بە ئازاری قوربانیەکان کرد، کەسوکاریان شایەنی زیاتری سۆزی ئێمەن، ئەم کارە تەنیا دەربارەی رابردوو نییە، بەڵکو بۆ داهاتووە. 

هەر کەسێك بوەتە قوربانی لەو گۆڕە بەکۆمەڵانە بەڵگەی باجی بێدەنگی و بێکردارییە، پێویستە چیرۆکەکانیان بگێردرێنەوە و قوربانیەکانیان بۆ هەمیشە لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا بچەسپێنرێت، پێکەوە پارێزگاری لەو یادەوەریە دەکەین و دادپەروەری بەدیدەهێنین و داهاتوو بنیات دەنێین بەشێوەیەك کە منداڵان لە ترسا خۆیان بە دایکیانەوە نەلکێنن.

سەرچاوە/ گۆڤاری نیوزویك